وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق، بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، داوا لە هاووڵاتیان دەكات لە ماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوە و دەڵێت، ئەگەر هەیە لەكاتی تێكەڵبوون لەگەڵ خەڵكدا یەكێك لە ئەندامانی خێزان دووچاری كۆرۆنا ببێت.
وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ خۆپاراستن و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێنج ڕێنمایی دەركردووە كە بەپێویست ناوییان دەبات، ڕێنماییەكانیش بریتین لە:
یەكەم/ دەبێت ئەوەت لەیادبێت كە تێكەڵبونی تۆ یان هەر ئەندامێكی خێزانەكەت لەگەڵ كەسانێك كە توشبووبێت، دەكرێت نەخۆشییەكە بۆ ئێوەش بگوازێتەوە، بۆیە خۆت و خێزانەكەت و دەوروبەرت بەدووربگرە لە تێكەڵبوون.
دووەم/ بەپێی توانا خۆت بەدووربگرە لە شوێنە گشتییەكان و شوێنە قەرەباڵغەكان.
سێیەم/ دەبێت هەر خێزانێك ئەندامێكی ڕابسپێرێت بازاڕبكات، یان پێداویستییەكان لە دەرەوە بهێنێتە ماڵەوە، بەمەرجێك دەبێت ئەو كەسە هۆشیاری باشی لەبارەی هەڵسوكەوتی خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە توشبوون بە ڤایرۆسەكە هەبێت، تا ئەو دەمەی بەمزوانە گەل و وڵات لەو تەنگژە تەندروستییە قوتاری دەبێت.
چوارەم/ پێویستە كارمەندان لە كەرتی تایبەت و دامودەزگا و دامەزراوەكانی دەوڵەت، تەواو پابەندی مەرجەكانی خۆپاراستن بن لە توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
پێنجەم/ پێدەچێت گۆڕینی شێوازی ژیان بۆ تۆ ئاڵۆزبێت یان بۆ خێزانەكەت، بەڵام بەدڵنییاییەوە ئەمە تاكە چارەسەر و شیاوترینە بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتی هەمووان، ئەم قۆناغەش نائاساییە و بەمزوانە تێدەپەڕێت و شێوازیی ژیان ئاسایی دەبێتەوە.