پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت كە لە ماوەی 23 ڕۆژدا بەغدا دوو جار مووچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناردووە.
روپاك ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان ڕەخنەی لە لێدوانەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی گرت سەبارەت بە ئەگەری كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و ڕایگەیاند “له ماوەی 23 ڕۆژدا دوو بەشە بۆدجەی هەریم لە عیراقەوە هاتووە پێمان ناڵێی لەچیتان سەرف كردووە؟”.
ئەوەشی بەبیرهێنایەوە كە پێشتر بەرپرسانی حكومەت بەڵێنیاندابوو هەر 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش بكەن، بەڵام بەڵێنەكەیان جێەجێ نەكردووە.
شەوی ڕابردوو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ڕایگەیاند بە هۆی خەرجی زۆر و داهاتی كەمەوە، دەبێت بیر لە دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران بكەنەوە.