Home » هەواڵ » کوردستانی » پەرلەمانتارێک: واباشترە هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەوێت ئەگەرنا بە زیانی دەشكێتەوە
غالب محەمەد

پەرلەمانتارێک: واباشترە هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەوێت ئەگەرنا بە زیانی دەشكێتەوە

ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، واباشترە هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەوێت ئەگەرنا بە زیانی دەشكێتەوە.

غالب محەمەد ئەندامی پەڕلەمانی عیراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بودجەی ساڵی 2019ی عیراق 135 تریلیۆن دینار بووە، 93 تریلیۆن دینار داهاتەكەی لەسەر فرۆشتنی نەوت بووە، عیراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لەناوخۆدا دەپاڵێوێت بۆ موشتەقاتی نەوتی، ئەگەر 1 دۆلار نرخی نەوت داببەزێت، عیراق ساڵانە 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیان دەكات وە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستانیش.

وتیشی”هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری داهاتەكەی لەسەر فرۆشتنی نەوتە، جا چ داهاتی ئەو نەوتەی كە لە عیراقەوە پارەكەی بۆ دێت یان ئەو نەوتەی كە خۆی دەیفرۆشێت، هەرێمی كوردستان نرخی نەوت زۆر بە كەمتر دەفرۆشێت وەكو خۆیان باسی دەكەن 7 بۆ 8 دۆلار كەمتر لە عیراق، نەوت هەتا 30 دۆلاریش بێت، حكومەتی عیراق دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دابەزینی نرخی نەوت لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەناو بازاڕەكانی جیهان، لە عیراقدا بۆ ئەم دوو مانگە كاریگەری زۆر نابێت لەسەر داهات و مووچەی فەرمانبەران، لەبەرئەوەی عیراق پێشوەخت بەو نرخانە فرۆشتوویەتی كە لە پێشەوە هەبووە.

ڕوونیشیكردەوە، چارەسەر بۆ هەرێم ئەوەیە وەكو 2014 بیر نەكاتەوە كە نەوت بەسەربەخۆیی بفرۆشێت، بەڵكو باشتر وایە هەموو ڕێگەیەك بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ عیراق ڕێككەوتن بكات، چونكە عیراق زۆر دۆخی باشترە لە هەرێمی كوردستان، ئەوكات هەرێم كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست نابێت بەهۆی ئەوەی لە عیراقەوە پارەكە دێت.

ئاشكراشیكرد، بە ڕاشكاوانە بیڵێم ئەگەر لە بودجەی 2020 ڕێككەوتن نەكرێت لە نێوان هەرێم و عیراقدا، ئەوكاتە بە زیانی هەرێم دەشكێتەوە، چونكە عێراق ئەگەر نەوتیش بە كەمتر بفرۆشێت دەتوانێت دەست ببات بۆ یەدەگی خۆی كە 69 ملیار دۆلار یەدەگی بانكی هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان هیچ یەدەگی بانكی نیە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دووربین نیین وە بیر ناكەنەوە وەكو ئەوەی خاوەنی هەرێم بن تەنها بیر لەوە دەكەنەوە چۆن پارەیان دەست بكەوێت بۆ كۆمپانیاكانیان.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.