Home » هەواڵ » کوردستانی » پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند
پارتی

پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە، كە كۆبوونەوەكە دوو تەوەری لە خۆ گرتبوو، فڕاكسیۆنی پارتیش بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكەش دەڵێت: موزایەدە دەكرێت.

زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوو تەوەری لە خۆ گرتبوو، یەكیان ئەوە بوو پێشنیاز بكرێت بۆ حكومەت 30 ڕۆژ جارێك موچە دابەش بكات، تەوەری دووەمیش كردنەوەی چەند دەروازیەك بوو لەگەڵ حكومەتی ئێران، “ئێمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی سەرۆك فڕاكسیۆنەكاندا پێمان وتن كۆبوونەوەكە ببێتە موزایەدە، بەجێی دەهێڵین و بەشداری ناكەین”.

كاكە ڕەزا راشیگەیاند، قەیرانی دارایی لە جیهان دروست بووە و كوردستانیشی گرتووەتەوە بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئیدی بۆ دەبێت موزایەدە بەسەر یەكەوە بكەین، حكومەت بۆ پێدانی موچە پشتی بە داهاتی ناوخۆ و نەوت و ئەو پارەیە دەبەست، كە لە بەغداوە دەهات، داهاتی ناوخۆ بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا بۆ نزیك لە سفر دابەزیەوە و نرخی نەوتیش زۆر دابەزیوە، هەروەها بەغداش ناردنی پارە دوادەخات، ئیدی بۆ خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوە؟

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی باسی لەوەش كرد، پاش ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا كرا بە موزایەدە، ئ”ێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكەمان كرد، هیچ لایەن و هێزێكیش نییە لە پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ خەڵكی خۆمان دڵسۆز بێت، جا لە هەموو ڕووەكانەوە، بەڵام كۆمەڵێك ڕووداو روو دەدەن لە دەرەوەی ویست و دەسەڵات دەبن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، پرسی كردنەوەی دەروازەكان، پەیوەیستە بە حكومەتی عێراقەوە، كۆمەڵێك ڕێوشوێنی ئیداریی دەوێت و دەبێت حكومەتی عێراق بیگرێتە بەر، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە، هەروەها ئەگەر لەبەر مەترسی پەتای كۆرۆنا و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان نەبێت، حكومەتی هەرێم چۆن دەروازە بازرگانییەكان دادەخات، چونكە بەمە زیانی ئابووری بە خۆی دەگەیەنێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.