Home » هەواڵ » کوردستانی » فراكسیۆنی یەكگرتو لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی فراکسیۆنی پارتی دەداتەوە
فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان

فراكسیۆنی یەكگرتو لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی فراکسیۆنی پارتی دەداتەوە

فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت،”پێویستبو بەرێزتان پشتگیر و ھاوھەڵوێست بونایە بۆ داکۆکیکردن لە بژێوی و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە وەك ھاوپیشەمان ئەمە ئەرکی ئێمە و ئێوە و پەرلەمانی کوردستانە بەگشتی”
فراكسیۆنی یەكگرتو رایگەیاندوە،”دەبو حکومەتی ھەرێمی کوردستان زانیاری بودجە و پاکتاوی داھات و خەرجی نادیاری شەش ساڵی رابردوی بۆ ھەموان بخستایەتەڕو بەساڵی رابردوی کابینەی نۆیەم و نوێی حکومەتی ھەرێمیشەوە.”
دەشڵێت،”بڕێکی داھات و خەرجی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان نادیارە و پەرلەمانی کوردستان لێی بەئاگا نیە بە لێدوانی فەرمی بەرێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم و نوسراوی فەرمی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم کە ھاوپێچە ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌مانە، پەرلەمانی کوردستانیشمان لێ ئاگاداركردۆته‌وه‌ کە رێگریان لێدەکرێت بۆ وردبینی لە داھات و خەرجی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و چەند وەزارەتێکی دیكه‌ی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.”
دەقی راگەیەندراوەكە:
وەڵامێک لە فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانەوە بۆ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
پێویستبو بەرێزتان پشتگیر و ھاوھەڵوێست بونایە بۆ داکۆکیکردن لە بژێوی و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان چونکە وەك ھاوپیشەمان ئەمە ئەرکی ئێمە و ئێوە و پەرلەمانی کوردستانە بەگشتی، بەڵکو دەبوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان زانیاری بوودجە و پاکتاوی داھات وخەرجی نادیاری شەش ساڵی رابردووی بۆ ھەموان بخستایەتەڕوو بەساڵی رابردووی کابینەی نۆیەم و نوێی حکومەتی ھەرێمیشەوە.
پاشان پەرلەمانی کوردستان وخەڵکی ھەرێمی کوردستان و چاودێران باش بنەماکانی نادیاری بڕێکی زۆری داھاتی ئەم ھەرێمە دەزانن و ئەگەر فراکسیۆنەکەتان یان ھەربەرپرسێکی تر بەرچاوی روونە لە پاکی و دیاری کۆی داھات و خەرجی ئەم ھەرێمە ئەوا بەسوپاسەوە با بۆ خەڵك و بۆ ئێمەشی بخاتەڕوو کە چەندین ساڵە ئەمە نەکراوە وەك یاسای بوودجەی ساڵانە.
بەڵێ بڕێکی داھات وخەرجی نەوت وگازی ھەرێمی کوردستان نادیارە و پەرلەمانی کوردستان لێی بەئاگا نیە بە لێدوانی فەرمی بەرێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم و نووسراوی فەرمی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم کە ھاوپێچە ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌مان، پەرلەمانی کوردستانیشمان لێ ئاگاداركردۆته‌وه‌ کە رێگریان لێدەکرێت بۆ ووردبینی لە داھات وخەرجی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان و چەند وەزارەتێکی دیكه‌ی حکومەتی ھەرێمی کوردستان…
ئیتر لەمانە بنەماو بەڵگەی زیاتر چی، هەروەها داهاتی خاڵە سنووریەکان و گرێبەستە پەنجا ساڵی و٢٥ ساڵیەکان و چنینەوەی داهات لەڕێگەی کۆمپانیاکانی سکیوریتی و تەندەرەکان ئەمانە هەمووی بەشێکن لەسەرچاوە نادیارەکانی داهات له‌ هه‌رێم، کوا راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆید بۆ ووردبینی لەنەوت و گازی ھەرێم کە ھەشت مانگە دیارنین؟ کوا سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتی و گازیەکان کە لە ١٠/٥/٢٠١٥ وە یاسای بۆ دەرچوە بۆ وردبینی و شەفافکردن و کۆنترۆڵکردنی داھات و خەرجی نەوت و گازی ھەرێم؟
ھێزێکی وەك یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و فراکسیۆنەکەی ھەمیشە سەرمەشقی ئاشتەوایی و تەبایی و چاکسازی و راستگۆیی بوە و قوربانی گەورەشی لەو پێناوەدا داوە و پشت بە خودای گەورە بەردەوامە و بەلارێدانابرێت.
ھیوادارین ھەرچی زووترە حکومەتی ھەرێم مووچەی مانگانەی مووچەخۆران دابین بکات و دوور لەدڵەراوکێ دڵنیایی بداتە ھاونیشتیمانیان و شەفافانە راستیەکان لەسەر کۆی داھات و خەرجی ھەرێم بخاتەڕوو و قەیرانەکان و دۆخی ئاسایش و پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی عیراقی فیدرال نەکاتە بەربەست بۆ ئاشکراکردنی تەواوی داھات وخەرجیەکانی ھەرێم.
لە کۆتاییدا لەخوای گەورە داواکارین مانگی رەمەزانی پیرۆز بکاتە مانگی ئارامی و بەرەکەت و تەبایی و یەکریزی نیشتیمانی.

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
لە پەرلەمانی کوردستان

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.