Home » هەواڵ » کوردستانی » یەکێتی داوایەک ئاراستەی سەرۆکی هەرێم، حکومەت، پارتی و پەکەکە دەکات
بوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

یەکێتی داوایەک ئاراستەی سەرۆکی هەرێم، حکومەت، پارتی و پەکەکە دەکات

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاراستەیەکی ناوپارتی تۆمەتباردەکات بە هێرشکردنەسەر حیزبەکەیان، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات فەرمانی کشانەوەی هەموو هێزەکان لە زینی وەرتێ دەربکات و داوا لە پەکەکەش دەکەن لەو ناوچانە دوورکەونەوە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی لاهوور شێخ جەنگی لە دەباشان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە لە چەند بەش پێکهاتووە.

لەراگەیێندراوەکەدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی رایدەگەیێنێت: “لەکاتێکدا هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان و جیهان گیرۆدەی چۆنێتی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ترس و دڵەڕاوکێ لەئاکامە تەندروستی و ئابوری کۆمەڵایەتییەکانی  لەم بارودۆخە سەختەی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان هەموومانی سەرقاڵ کردووە، لەو پێناوەدا یەکێتیی هەموو ئۆرگانەکان و توانای خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری یەکە ئیدارییەکان و حکومەتی هەرێم تەرخان کردووە، ئا لەم ئانوساتەدا، لەجیاتی هێورکرنەوەی هاووڵاتیان لەڕووی دەروونیی و دابینکرددنی گوزەرانیان، بەداخەوە دەبینین ئاراستەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرامی جیاجیا و بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر یەکێتیی و سەرکردایەتییە نوێکەی کە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەوبارەوە دەڵێت: “سەرەتا بەگرتنی ژمارەیەک هەڤاڵ و کەسوکاری شەهیدی یەکێتیی و پاشان بەگژیەکداکردنی دوو دەزگای ئەمنی و هەواڵگری سەر بە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو رێگەیەشەوە تانەدان و تۆمەتبارکردنی یەکێتی، تا هێنانی هێزێکی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ شوێنێکی ئارامی وەک زینی وەرتێ بەبیانووی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، ئەمە سەرەڕای نەدانی بەشە بودجە و هاوکاری رێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکان کە لەسەر حسابی تایبەتی حکومەتی هەرێمە و بێبەشکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لێی”.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوایەک ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت: “لە سۆنگەی هەستکردن بە لێپرسراوێتی و هەستیاری بارودۆخەکە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتووە هەر بۆیەش داوا لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای رەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاووڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت”.

هەروەها داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەکات: “بۆ ئارامی ناوچەکە و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و بیانوونەدان بەدەستەوە، هێزەکانیان لەناوچەکە بەدوور بگرن”.

لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لە بژێوی ژیانی خەڵک کراوە و مەکتەبی سیاسی رایدەگەیێنێت: “جارێکی دیکە دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەم قۆناخە هەستیارەدا بەرنامە و کۆششی بەپەلەی رووی لە پاراستنی ژیان و تەندروستی هاووڵاتیان و دابینکردنی قوتیانە کە ئەم بەڵا جیهانییە کاری تێکردوون، بەو بۆنەیەشەوە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین چارەسەری بەپەلە بۆ بژێوی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بدۆزێتەوە کە بەهۆی پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی حکومەتەوە زەرەرمەندی یەکەم بوون”.

لەهەمانکاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیێنێت: “سەرکردایەتی نوێی (ی.ن.ك) لەگەڵ هیچ جۆرە تەسعیدێکی سەربازی و ئیعلامی نین و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکەکەمان، وەک هەمیشە ، بەشێک دەبین لە چارەسەر و بەهیچ جۆرێک رێگە بە ئاراستەی ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە نادەی”ن.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەوشی کەرکووک، موسڵ، خانەقین، خوورماتوو، مەخموور و کوڵەجۆی تاوتوێ کرد و دەڵێت: “هەروەک ئاگادارین لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بارودۆخی ئاسایش و سەربازی ئەو ناوچانە لەئاستی پێویستدا نین ، سەرەڕای سەرقاڵی دامودەزگاکانی میری بە بارودۆخی تەندروستی وڵات و بەگژاچوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمانە هەمووی بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی سەربازی و ئاسایش لەناوچەکە و هەڵکشانی جموجووڵی تیرۆریستانی داعش، دەرەنجامیش ژمارەی قوربانییەکان لە شەهیدکردن و بریندارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاووڵاتیان و جووتیاران لەزیادبووندان، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە سەرجەم پێکهاتەکان”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات کە “بەپەلە پێداچوونەوە بکات بە بارودۆخەکە و هەماهەنگی بکەن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە و روبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی داعش کە بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتیان”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.