Home » هەواڵ » کوردستانی » دیندار زێباری :دادگاییكردنی چەكدارانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەستپێدەكات
دیندار زێباری

دیندار زێباری :دادگاییكردنی چەكدارانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەستپێدەكات

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، بڕیار وایە یەكەم دادگاییكردنی چەكدارانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایدەكات، دەستەی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگە و چارەسەركردن و لیژنەیەكی تایبەت بە دیكیۆمنت كردنی تاوانەكانی داعش دامەزراون، تا ئێستا (٢٦٠٠) كەیسی رفێندراوانی ئێزیدی، كریستیان، شەبەك و توركمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) كەیسیش لە لێكۆڵینەوەدایە، لەرووی دەروونییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری راوێژكاری پارێزگای دهۆك چارەسەر كراون.

رێکخەری نوسینگەكە رایگەیاند، نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لە تیمی نیشتمانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ تیمی لێكۆڵینەوە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یۆنیتاد) سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، كاری هەڵدانەوەی لە (١٦) گۆڕی بە كۆمەڵ لە گوندی كۆجۆ تەواو كردووە و تا ئێستا (٣٤١) روفات لەو گۆڕانە دەرهێنراون.

زێباری روونیكردەوە تیمی یۆنیتاد بڕێكی زۆر زانیاری دەستكەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەكان زۆربەی ئەو بەڵگە نووسراوانەی كە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش دەستیان كەوتووە دیكیۆمێنت كردووە .

زێباری لەو راگەیاندراوەدا ئاماژەبەوە دەكات، بڕیارە تیمێكی پسپۆرانی نیشتمانی دادوەران لەسەر ئاستی عێراق دابمەزرێت بۆ كاركردن لەگەڵ تیمی یۆنیتاد بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی توانای دادوەرانی عێراق لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون كە بە گوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەكان دەگاتە ئاستی تاوانەكانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی كوشتنی بە كۆمەڵ.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، تیمی دادوەرانی عێراق كە هەرێمیش لەخۆ دەگرێت، یۆنیتاد پرۆگرامێكی مەشق و راهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەكات، چونكە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێكۆڵینەوەكان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگایی كردنیشدا ئامادە دەبن، كە بڕیار وایە یەكەم دادگایی كردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.