Home » هەواڵ » کوردستانی » سەنتەری میترۆ داوایەک ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات
لۆگۆی حكومەتی هەرێم

سەنتەری میترۆ داوایەک ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات

لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئەمڕۆژە بكاتە وێستگەیەك بۆ بەخۆداچونەوە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی دەستكەوتنی زانیاری، بە ئاڕاستەی چەسپاندنی پرەنسیپەكانی شەفافییەت و فراوانكردنی ئازادی.

لەم رۆژەدا كە جیهان رێز لە میدیاكارانی دەگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی دەكات، سەنتەری میترۆ رۆڵی گرنگی دەزگاكانی راگەیاندن بە گشتی و میدیای سەربەخۆ بەتایبەتی لە روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزدەنرخێنێت.

ئەمساڵ جیهان لەم رۆژە دەكاتە هەلێك بۆ قسەكردن لەسەر ئەو رۆڵە گرنگەیان لە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرونا، بەرزكردنەی داخوازی رۆژنامەنوسان و رەخنەگرتن لەو وڵاتانەی رێز لەكارەكانیان ناگرن و شانازی كردنیش بەو دەسكەوتانەی لەم بوارەدا هاتونەتە دی.

تا ئێستاش مەتەرسییەكانی ڤایرۆسی كوڤید- 19، لەسەر ئاستی  جیهانی و ناوخۆیی لە ئارادایە، ئێستاو لە داهاتویشدا پێدانی زانیاری دروست لەسەر رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و تواناكانی حكومەت لەم بوارەدا هەروەها هەر قەیرانێكی تر كە رو لە هەرێمەكەمان دەكات، گرنگن.

سەنتەری میترۆ باسی لەوەکردوە، لەكاتێكدا كوردستانی عێراق لەگەڵ جیهاندا ئەم یادە دەكاتەوە، بونی میدیای سەربەخۆ و زەمینە خۆشكردن بۆ نەشونماكردنی بەبێ فشارو هەڕەشە و بەربەستدانان گرنگن، “جەختدەكەینەوە لەسەر پرەنسیپەكانی پێشومان كە بەبێ میدیای ئازاد و كاراكردنی پرۆسەی رەخنەگرتن و چاودێری، دەسەڵاتی ستەمكاری شوێن بە دیموكراسیەت لێژدەكات”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەم بۆنەیە بكاتە هەلێك بۆ بەخۆداچونەوە لە مامەڵكردنی لەگەڵ میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن و باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی بە جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی زانیاری و سزادانی ئەو كەس و لایەنانەی بەربەست بۆ جێبەجێكردنی دادەنێن.

ئەوەشی خستوەتەڕو، پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش نابێت بێباك بێت لە چاودێری كردنی ئەو یاسایانەی دەریدەكەن.

سەنتەری میترۆ لەگەڵ هاوبەشەكانی لە رێكخراوی نێودەوڵەتی و ناخۆیی داوای زامنكردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەربڕین و لابردنی كۆتوبەندەكان، رێزگرتن لە سەروەری یاسا دەكەن. بە جەختكردنەوەیش لەوەی رێوشوێنەكانی قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكرێنە پاساوێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی رۆژنامەنوسی و بیروراو.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (یۆنسكۆ) بە دروشمی ” میدیا بە بێ ترس و لایەنگیری” یادی ئەم رۆژە دەكاتەوە، جەخت لە رۆڵی میدیا و زانیاری راست دەكەنەوە، كە دەتوانن ژیانی خەڵك بپارێزن هەروەها داوادەكەن هەموان زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە وەربگرن، رێگەی حەقیقەت بگرن و بەرپەرچی چەواشەكاری بدەنەوە.

سەنتەری میترۆ دەشڵێت، بەداخەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی لەناوەوە و دەرەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان وعێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ.

رونیشیکردوەتەوە، “سۆرانی مامەمە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسین، مامۆستا عبدالستار، ئەركان شەریف نمونەی زەقی ئەو قوربانیانەن، كە بكەران یان پلانداڕێژەری ئەم تاوانانە، نەناسراون یان ناسراون و بە ئازادانە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.