Home » هەواڵ » عێراق » لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان

لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت

لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیێنێت، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكان پابەندی بڕیاری داخستنی شوێنەكانیان دەبن.

 مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان راگەیاند، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستانیان ئاگادار كردووەتەوە كە لە رۆژانی جەژندا پابەندی بڕیاری داخستنی شوێنەكانیان بن و وەڵامی ئەوانیش ئەرێنی بووە.

 لەبارەی ئەو شوێنانەش كە پێشتر بۆ رۆژانی جەژن شوێنی مانەوەیان داوەتە كرێ‌ گوتی “ئەوە نابێتە بیانوویەك بۆ كردنەوەی شوێنەكانیان، دەكرێت دواتر ئەو كەسانەی شوێنیان گرتووە قەرەبوو بكرێنەوە”.

 سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گەشبینە بەوەی كۆرۆنا ببێتە دەرفەتێك بۆ زیاتر بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان و رایگەیاند “دڵنیاین دەستپێكردنەوەی گەشتی دەرەكی بۆ دەرەوەی عێراق كاتی زیاتری دەوێت، بەڵام ئەگەر هەیە لە ناوخۆی عێراقدا بەو جۆرە نەبێت، ئەگەر دۆخەكە لەڕووی تەندروستییەوە باشبێت ‌و رەزامەندیی لایەنە تەندروستییەكان وەربگرین، دەتوانین ئەو گەشتیارانەی لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستانیش بەنیازی گەشتكردن بوون بۆ دەرەوە، وایان لێبكەین گەشت بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی ئێمە بكەن”.

 بە گوتەی مەولەوی جەبار، ئەوەش دەبێتە دەرفەتێكی باش بۆ بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان، “بۆیە بۆ سوودبینین لەو دەرفەتە چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخە تەندروستییەكە دەكەین”.

 بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزا، لەچەند ساڵی رابردوو لەجەژنی رەمەزاندا زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار رووی لە هەرێمی كوردستان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ‌ رۆژەكەی جەژن قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی راگەیاندووە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.