دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە شاری دهۆك، لە گەرمیان و سەیدسادق-یش خۆپیشاندان دژی دواكەوتنی مووچە دەستی پێكرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەران لە دهۆك دژی نەبوونی مووچە بێدەنگییان شكاند و هاوكات لە شارۆچكەی كەلار و سەیدسادق خۆپیشاندان دەستی پێكرد و فەرمانبەران داوا دەكەن بەزووترین كات مووچە دابەش بكرێت و مووچەی مانگەكانی ئەمساڵیان پێ بدرێت.
بەپێی زانیارییەكان، كەمێك پێش ئێستا مامۆستایانی شاری كەلار دژی دواكەوتنی مووچە ڕژانە سەر شەقامەكان و هۆشداری بایكۆت كردنی تاقیكردنەوەكان دەدەن و داوا دەكەن بایكۆتی تاقیكردنەوەكان لەسەرتاسەری هەرێم بكرێت.
لە كۆتایی مانگی ئایار نزیك دەبینەوە و تا ئێستا زۆرینەی فەرمانبەران هیچ مووچەیەكی ساڵی 2020یان وەرنەگرتووە و 60 ڕۆژیش تێپەڕیوە بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا و بەرەو جەژنی ڕەمەزانە و فەرمانبەران چاوەڕێی مووچەن بۆ كڕینی پێداویستی جەژن.