Home » ئابوری » نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بووە 33 دۆلار و 64 سەنت
کۆگای نەوتی

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بووە 33 دۆلار و 64 سەنت

ماوەی دو رۆژە لەسەر یەک نرخی نەوت روی لە دابەزین کردوە، ئەوەش بەهۆی زۆربونی ئاستی نەوتی ناو کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا، کە بەهۆیەوە هیوای وەبەرهێنەرانی لەبارەی زیادبونی ئاستی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە کەمکردوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 1.1 دۆلار دابەزیوە، کە ڕێژەی لەسەدا 3.2-ی نرخی پێشویەتی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتوەتە 33.64 دۆلار .

لەبەرامبەردا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکا 1.44 دۆلار دابەزی کە لەسەدا 4.4-ی نرخی پێشویەتی  و بەوەش هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی نەوتی جیهاندا بە 31.14 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.

بەم دوایانە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و پەکین لەبارەی ئاسایشی هەرێمی هۆنگ کۆنگەوە زیادیکردوە و ئەگەری هەیە ئەمریکا دوبارە باجە گومرکییەکانی لەسەر بەرهەمەکانی چین زیادبکات، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی کەمبونەوەی خواستە لەسەر بەرهەمی نەوت.

هاوکات بەپێی بەیاننامەکانی کۆمەڵەی پیشەسازی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی وڵاتەکە بە قەبارەی 8.7 ملیۆن بەرمیل بەرزبوەتەوە، ئەمەش وایکردوە هیوای وەبەرهێنەران لەبارەی بوژانەوەی بازارەکانی وزە و زیادبونی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە کەمبێتەوە.

شارەزایانی ئابوری لەو بارەیەوە دەڵێن، “بەرزبونەوەی ئاستی نەوتی عەمبارکراوی کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەمکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بەگوێرەی پێویست نەیتوانیوە هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەروی نەوت رابگرێت، بەوەش نرخەکەی جارێکی دیکە روی لە دابەزین کردوە”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.