فازڵ فەتلاوی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندووە کە کۆدەنگییەکی سیاسیی لەلای کوتلە سیاسییەکان درووست بووە بۆئەوەی ڕێگە نەدرێت پۆستی وەزارەتی دەرەوە لەکابینەکەی کازمی لەلایەن فوئاد حوسێن وەربگیرێت .
فەتلاوی لەلێدوانێکدا گوتویەتی ” هەموو دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ لایەنی کوردی لەبارەی کاندیدکردنی فوئاد حوسێن شکستیان هێناوە “.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا فەتلاوی گوتویەتی ” دووبارە کاندیدکردنەوەی فوئاد حوسێن کار دەکاتە سەر ڕێکەوتنە سیاسییەکان ، ئەوە سەرباری ئەوەی تێپەڕاندنی ئەو وەزارەتانەی ماون دوادەخات “، هەروەک روونی کردۆتەوە کە پەڕلەمانتاران هاوڕان لەسەر ئەوەی لەکاتی متمانەدان بەو وەزیرانەی ماون رێگری لە تێپەڕاندنی فوئاد حوسێن بکەن .
هەرلەوچوارچێوەیەدا مەیادە نەججار پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردۆتەوە تا ئەمساتە فوئاد حوسێن کاندیدی پارتەکەیانە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە .
بەقسەی نەججار تاکە کاندیدی پارتی هەر فوئاد حوسێنە و هیچ جێگرەوەیەک بۆ جێگاکەی ئەو لەئارادا نییە .
پەڕلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت قسەکردن لەبارەی بوونی ناکۆکی لەناو پارتەکەیان لەسەر ناوی پاڵێوراوەکان بەهیچ جۆرێک راست نییە و گوتویەتی پارتەکەی ئەوان پارتێکی ناوەندییە و بڕیارەکانیان یەکن .
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرچاوەیەکی پەرلەمانی لەناو کوتلە کوردییەکانی بەغدا باسی لەوە کرد کە پارتی بەرنامەی ئەوەی هەیە وەک هەوڵێک بۆ گێرانەوەی ئیعتیبار بۆ هۆشیار زێباری و وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ خواستی لایەنە شیعییەکان ، ناوبراو لەجیاتی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە کاندید بکات .