Home » هەواڵ » کوردستانی » پارتی: فوئاد حوسێن تاکە کاندیدی فەرمیمانە ولایەنەکانی تریش پێویستە ڕێز لەو بابەتدا بگرن
فوئاد حوسێن

پارتی: فوئاد حوسێن تاکە کاندیدی فەرمیمانە ولایەنەکانی تریش پێویستە ڕێز لەو بابەتدا بگرن

پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی تر سووربوونی خۆی لەسەر کاندیدکردنی فوائد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کابینەکەی مستەفا کازمی دووپاتکردەوە.

لەوبارەیەوە بەشار کیکی پەڕلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکدا وتویەتی: “فوئاد حوسێن تاکە کاندیدی فەرمیمانە و لەسەر لایەنەکانی تریش پێویستە ڕێز لەو هەڵبژاردنە و خواستی ئێمە لەو بابەتدا بگرن ، لەبەر ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە نوێنەرایەتی حزب و پێکهاتەی کوردی دەکات لەناو پێکهاتەی حکوومەتی نوێدا”.

کیکی باسی لەوە کردووە: وەک چۆن ئەوان رایانگەیاندووە کە پشتیوانیکردن و قبووڵکردنی پاڵاوتنی مستەفا کازمی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە پاڵێوراوی پێکهاتەی شیعەیە ، بەوپێیە دەبێت لایەنەکانی تریش ڕێز لە بژاردەی ئێمە بگرن و هیچ کەسێکیش شوێنگرەوەی فوئاد حوسێن نییە بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا کیکی وتویەتی: “لەبابەتی پۆستە وەزارییەکاندا ئێمە بەرهەڵستی بژاردەی پێکهاتەکانی ترمان نەکردووە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بکەن”.

کاندیدکردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕووبەڕووی دژایەتیکردنێکی توندی بەشێکی زۆر لەلایەنە سیاسییە شیعییە دەسترۆیشتووەکان بۆتەوە و بەجۆرێک رایانگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن فوئاد حوسێن ئەو پۆستە لە کابینەکەی کازمیدا وەربگرێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.