Home » هەواڵ » کوردستانی » پارێزگاری هەولێر: خۆپێشاندان،کات و سات و میکانیزمی خۆی هەیە
فرسەت سۆفی

پارێزگاری هەولێر: خۆپێشاندان،کات و سات و میکانیزمی خۆی هەیە

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەولێر ناوەندێکی سیاسی، ئابووری و بازرگانیی گەورەیە، ڕێگەش نادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ ناونیشانێک یان خۆشاردنەوە لەژێر نیگەرانیەکانی خەڵک سەقامگیریی ئەم شارە تێکبدات و ڕێکاری پێویستیش دەگرینە بەر بەرامبەر هەرکەسێک.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەگای مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لەهەولێر ڕایگەیاند، ئێمه پارێزگاری هەمووانین وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ لقی دووی پارتی دەکەین بەهەمان شێوە لەگەڵ بارەگای حزبەکانی تریش هەمان مامەڵە دەکەین و دڵنیامان کردونەتەوە کە پارێزگاری هەموانین و بەپارێزگاری خۆیانمان بزانن، بەیەکگرتوویی و تەبای و یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەکان ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین، وەک چۆن قۆناغی سەختترمان تێپەڕاندووە، هەموو لایەنەکانیش پشتیوانی خۆیان بۆ چاکسازی و ئیدارەیەکی باش دەربڕیوە.

دەشڵێت، بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ توشبووانی کۆڕۆنا لەزیادبووندان، پێشبینیش دەکرێت ڕێژەکە زیاتریش ببێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێمە لەنێوان دوو دۆخی دژ بە یەکدابووین، ئەویش پارێزگاری لەسەلامەتی تەندروستی گشتی و هەروەها کاروکاسبی و گوزەرانی هاوڵاتیان کە نەدەکرا لەوە زیاتر بازاڕ و کاروکاسبی خەڵک رابگرین، چونکە برسیەتیش هیچی کەمتر نیە لە کۆڕۆنا، بۆیە ئێستا خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە مەترسیدارەترە، هیوادارم هەرکەسەو خۆی بپارێزێت.

سەبارەت بە سەقامگیری شاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێرە پایتەختە و زیاتر لە ۳٤ کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی تێدایە ، بۆیە هەولێر ناوەندێکی سیاسی، ئابووری و بازرگانیی گەورەیە لە عێراق و ناوچەکە، و شوێنێکە پێویستە ئیدارەی پارێزگا و هەموو لایەنە سیاسییەکان سەقامگیری و ئاسایشی پایتەخت و هەرێمی کوردستان وەکو چاوی خۆیان بپارێزن، وەکو لێژنەی ئەمنی پارێزگاش هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر و ڕێگەش نادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ ناونیشانێک یان خۆشاردنەوە لەژێر نیگەرانیەکانی خەڵک سەقامگیریی ئەم شارە تێکبدات، بەپێچەوانەوە ئێمە باوەڕی تەواومان بە ئازادیی ڕادەربڕین و خۆپێشاندان هەیە، ئەوەش کات و سات و میکانیزمی خۆی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە هەر لایەن و کەسێک لەژێر هەر ئەجێندایەک بیەوێت ئارامی و سەقامگیری هەولێر تێکبدات ئەوا ڕێکاری یاسایی و پێویستی لەبەرامبەر دەگرینەبەر و دڵنیایی خەڵکی پایتەختیش دەکەمەوە ئاسایش و ئاسایش کۆمەڵایەتی وەک چاومان دەپارێزین و لایەنە سیاسیەکانیش پشتیوانمانن بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەیەکەوەش قەیرانەکان تێدەپەڕێنین.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.