Home » هەواڵ » کوردستانی » پەڕلەمانتارێكی گۆڕان: لە نزیكە پێگەكانی داعش کار بۆدانانی پاڵاوگەیەکی نەوت دەکرێت
پاڵاوگەیەکی نەوت

پەڕلەمانتارێكی گۆڕان: لە نزیكە پێگەكانی داعش کار بۆدانانی پاڵاوگەیەکی نەوت دەکرێت

پەڕلەمانتارێكی گۆڕان باس لەوە دەكات كە لە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا كار بۆ دروستكردنی پاڵاوگەیەكی نەوت دەكرێت كە نزیكە لە پێگەكانی داعش و بە گومانەوە لە مەبەستی دروستكردنی ئەو پاڵاوگەیە دەڕوانێت.

شیرین ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە ڕێی لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە بڵاویكردووەتەوە ڕایگەیاند “لەنزیک ناوچەی پەڵکانە کە جێو پێگەی داعش و گروپە چەکدارەکانە کار بۆدانانی پاڵاوگەیەکی نەوت دەکرێت”.

پەڕلەمانتارەكە دەڵێت: “لەکاتێکدا ڕۆژانە خەلەوخەرمانی جوتیارانی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەسوتێنرێ، هێرش دەکرێتە سەر پێشمەرگە و گوندە کوردنیشینەکان، هەندێ جوڵە بۆ ئێمەی پەرلەمانتار جێی گومانن”.

هەروەها نووسیوێتی: “ئاشکرایە ناوچەی پەڵکانەی نزیک خورماتوو، سنوری شاخی غەڕە جێ پێگەی داعش و گروپە چەکدارەکانە، بەڵام لە نزیک ئەو ناوچەیە و لە ژێر دەسەڵاتی هەرێم، کار بۆ دانانی پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوت دەکرێ و کاری تێدا دەکرێ”.

پەڕلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی خستووەتەڕوو كە بەپێی بەدواداچوونەکانیان “ئەو پاڵاوگەیە زیاتر لە ساڵێکە کاری تێدا دەکرێ و زۆری نەماوە تەواو ببێت، چەندین ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج کراوە”.

شیرین ئەمین ڕاشیگەیاند كە “ئەوەی جێی گومانە، ئەو ناوچەیە نەوتی تێدا نیە، تا پاڵاوگەی بۆ دابنرێ، جگە لە ناوچەی پەڵکانەی ژێر دەسەڵاتی داعش نەبێ، ئایا دانانی پاڵاوگە بۆ پاڵاوتنی نەوتی کوێ یە؟ پاشان ناوچەکە کە لەڕووی ئەمنیەوە ئاڵۆزە، چۆن ئەو پارە زۆرە لەدروستکردنی پاڵاوگە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا خەرج کراوە؟ پاڵاوگەکە هی کێ یە؟”.

پەڕلەمانتارەكە دەشڵێت: “ئەم پرسە زۆر نیشانەی پرس بەدوای خۆیدا دێنێت”.

تا ئێستا هیچ لایەنێكی فەرمی ڕوونكردنەوەی لەو بارەیەوە نەداوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.