Home » هەواڵ » جێهان » ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ روسیا رێككەوتننامەیەكی ئەتۆمی ببەستێت
پوتین و ترەمپ

ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ روسیا رێككەوتننامەیەكی ئەتۆمی ببەستێت

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، دەیەوێت لەگەڵ روسیا رێككەوتننامەیەكی ئەتۆمی ببەستێت، وتیشی بانگهێشتكردنی سەرۆكی روسیا بۆ كۆبونەوەی لوتكەی گروپی 7 (G7) كارێكی لۆجیكییە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەككە لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ رادیۆی فۆكس نیوز-ی ئەمریكی رایگەیاند “بانگهێشتكردنی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی لوتكەی گروپی 7 (G7) كارێكی لۆجیكییە و زۆرینەی بابەتەكان پەیوەستە بە روسیاوە، بۆیە ئامادەبونی هاوكارییەكی باش دەبێت”.

لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە روسیا ترەمپ وتی “رێككەوتنێكی ئەتۆمیم دەوێت لەگەڵ روسیا، دەمەوێت كەرتی چەكی ئەتۆمی سەلامەت بێت، چونكە گەورەترین ئاڵنگارییە لەسەر ئاستی جیهان”.

ئەوەش لەكاتێكدایە رێككەوتننامەی ستارت تایبەت بە سنورداركردنی چەكە ستراتیجییەكان لە ساڵی 2021دا كۆتایی پێدێت و ویلایەتە یەكگرتوەكانیش مەرجی بەشداریكردنی چینی داناوە لەو رێككەوتننامەیەدا، بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی.

رێككەوتننامەی سنورداركردنی چەكە ستراتیجییەكان “ستارت-3” لە رێكەوتی 8ی نیسانی 2010 لەنێوان هەریەك لە باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكان و دێمیتری مەدڤیدیڤ، سەرۆك وەزیرانی پێشوی روسیا واژۆكرا، كە وادەی كۆتاییهاتنی ساڵی 2021ە و تائێستا واشنتن بڕیاری نەداوە سەبارەت بە درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.