Home » ئابوری » جارێکی دیکە نرخی نەوت روی لەدابەزین کردەوە
دابەزینی نرخی نەوت

جارێکی دیکە نرخی نەوت روی لەدابەزین کردەوە

بەهۆی بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا و بەرزبونەوەی ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا، نیگەرانی وەبەرهێنەران لەبارەی زیادبونی خستنەڕوی ئەو بەرهەمە زیادیکردوە، بەمەش نرخەکەی جارێکی دیکە روی لە دابەزین کردەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.42 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، کە دەکاتە لەسەدا 3.4ی نرخەکەی، لە دوایین مامەڵەدا بە 40.31 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 1.6 سەنت کەمیکرد، کە لەسەدا 4ی نرخەکەیەتی و بە 38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا.

بەپێی داتاکانی پەیمانگای پتڕۆڵی ئەمریکی، ئاستی نەوتی ناو کۆگاکانی ئەمریکا لە دوای پێنجی ئەم مانگەوە بە قەبارەی 8.4 ملیۆن بەرمیل بەرزبوەتەوە، کە دو هێندەی پێشبینییەکانی شارەزایانی ئابوری بوە، ئەوەش وایکرد نرخەکەی روی لە دابەزین بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئاماری رۆژانەی توشبوانی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان بەم دوایانە بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش نیگەرانی وەبەرهێنەرانی نەوتی لەبارەی دوبارە پەکخستنەوەی جموجۆڵە بازرگانییەکان و گەشەسەندنی بازارە ئابورییەکان لێکەوتوەوەتەوە و وایکردوە نرخەکەی بەڕێژەی بەرچاو دابەزێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.