Home » هەواڵ » کوردستانی » دیندار زێباری : كەمپی مەخمور بۆ مەبەستی سەربازی بەكاردەهێنرێت
كەمپی مەخمور

دیندار زێباری : كەمپی مەخمور بۆ مەبەستی سەربازی بەكاردەهێنرێت

دیندار زێباری، بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کەمپی مەخمور كە ئاوارەكانی باكوری كوردستان لە خۆدەگرێت، “بۆ مەبەستی سەربازی و سیاسی بەکاردەهێندرێت”و دەشڵێت”ئه‌م هه‌نگاوانه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌مپه‌كان دروست ده‌كەن، چونكه‌ ئه‌مانه‌ بۆ مه‌به‌ستی مرۆیی كراونه‌ته‌وه‌ نه‌ك سیاسی و سه‌ربازی.”

كەمپی پەنابەرانی مەخمور كە ئاوارەكانی باكوری كوردستانی تێدا نیشتەجێن، لەدوای شەڕی داعش كەوتۆتە ژێر دەستی حكومەتی عێراق، بەڵام لەدوای ئەوەی ساڵی رابردو دیپلۆماتكارێكی تورك لە چێشتخانەیەكی شاری هەولێر كوژرا، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رێگە بە هاتوچۆی دانیشتوانی كەمپەكە بۆ ناو هەولێر نادرێت.

كەمپەكە، لە ساڵانی دواییدا، ناوبەناو لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردومان دەكرێت، ئەوەش بە بیانوی بونی گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچەیە.

دیندار زێباری، بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپه‌ڕی رەسمی پارتی وتوە”كه‌مپی مه‌خمور زیاتر له‌ 11 هه‌زار دانیشتوی هه‌یە، له‌ ساڵی 2003 به‌دواوه‌ ئه‌م كه‌مپه‌ زیاتر چاوی نێوده‌وڵه‌تیی له‌سه‌ره‌، چونكه‌ وه‌ك كه‌مپێكی نیمچه‌سه‌ربازی بۆ ڕاهێنانی سه‌ربازی و هاتوچۆی ڕێكخستنی حزبێك په‌ره‌ی سه‌ندوه‌و زیاتر له‌ سیمایه‌كی مه‌ده‌نی، سیمایه‌كی سه‌ربازیی به‌ خۆیەوە بینیوە“.

وتوشیەتی”به‌داخه‌وه‌ حزبێك له‌ناو كه‌مپی مەخمور بە کاری نیمچه‌سه‌ربازی و هه‌واڵگری، ژیانی ئاسایی لە خەڵکی سڤیلی كه‌مپه‌كە تێك داوه‌، تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ و ئێمه‌ زۆر هه‌وڵمان داوه‌ ئه‌م كه‌مپه‌ پارێزراو بێت و هه‌وڵمان داوه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێودەوڵەتی، هاوكاریی كه‌مپه‌كه‌ بكه‌ین و نه‌هێڵدرێت چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی تێدا بێت، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی مه‌ده‌نیی كه‌مپه‌كان دروست ده‌كات و ناكرێت چالاكیی سه‌ربازی بهێنرێته‌ ناو ئه‌م كه‌مپانەوە، ئه‌مه‌ دواجار گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستانیش دروست ده‌كات”.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێمی كوردستان “دوای شەڕی داعش، ئه‌و كه‌مپه‌ سروشتێکی سه‌ربازیی بەسەردا دراوە، حكومه‌ت لە ئیدارەی کەمپەکەدا بەرپرسیار نییە، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم نییه‌، تەنانەت حکومەتی موسڵیش کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە کەمپەکە کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی سەربازیی عێراقی نه‌یتوانیوه‌ كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ بكات”.

وتیشی”داوامان له‌ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و حكوومه‌تی نه‌ینه‌وا كردووە، ئیداره‌ی كه‌مپه‌كه‌ بكه‌ن تا نه‌بێته‌ کەمپێکی سه‌ربازی و به‌هانه‌ نه‌داته‌ وڵاتانی دراوسێ بۆ هێرشكردن.”

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.