Home » هەواڵ » جێهان » سبەی شەو یەكەم گەشتی ئاسمانی ناچاری لەنێوان سلێمانی ‌و توركیا ئەنجام دەدرێت
گەشتی ئاسمانی

سبەی شەو یەكەم گەشتی ئاسمانی ناچاری لەنێوان سلێمانی ‌و توركیا ئەنجام دەدرێت

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات، سبەی شەو یەكەم گەشتی ئاسمانی ناچاری لەنێوان سلێمانی ‌و توركیا ئەنجام دەدرێت و تەنها بۆ بردنەوەی هاووڵاتیانی بیانییە.

تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە 14ی ئاداری ڕابردووەوە گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق ڕاگیراون و تا ئێستا بڕیاری دەستپێكردنەوەی تەواوی گەشتەكان نەدراوە.

ڕاشیگەیاند، كە سبەی شەو یەكەم گەشتی ئاسمانی ناچاری لەنێوان سلێمانی ‌و توركیا ئەنجام دەدرێت و لەلایەن كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانیەوە و تەنها گەشتی ڕۆیشتنە بۆ ئەستەنبوڵ و بۆ بردنەوەی هاووڵاتیانی بیانییە، كە لێرە گیریان خواردبوو.

جەختیشی كردەوە، كە تا ئێستا گەشتەكان بەهۆی كۆرۆناوە دەستیان پێ‌ نەكردۆتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسانەی خاوەنی پاسپۆرتی بیانی یان هەڵگری ئیقامەی توركیا‌ و وڵاتانی ترن و بەهۆی قەدەغەی فڕۆكەوانیەوە گیریان خواردووە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا و نرخی بلیتێكیش هەرزانترە بە بەراورد بە ڕابردوو.

داخستنی فڕۆكەخانەكان بەهۆی كۆرۆناوە زیانی زۆری لە داهاتی فڕۆكەخانەكان و كەرتی گەشتوگوزار گەیاندووە و زۆربەی كۆمپانیا ‌و نووسینگە گەشتیاری داخراون‌ و كارمەندەكانیان ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.