Home » هەواڵ » کوردستانی » شاسوار عەبدلواحید: نازانین نهێنی دابەشنەکردنی موچە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە چیە
شاسوار عەبدلواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

شاسوار عەبدلواحید: نازانین نهێنی دابەشنەکردنی موچە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە چیە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەرچەندە ماوەی دو هەفتەیە حکومەتی هەرێم 400 ملیار دیناری لەلایەن بەغداوە بەدەستگەیشتوە، بەڵام تائێستا ئەو پارەیە بۆ موچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە، دەشڵێت، نازانن نهێنی دابەشنەکردنی موچە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە چیە.

شاسوار عەبدلواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردوە، “بەر لە دو هەفتە حکومەتی نوێی عێراق 400 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێم ناردوە، هەرچەندە هەرێم نەوتیشی رادەستی ناوەند نەکردبو، بەڵام تائێستاش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە”.

باسی لەوەشکردوە، “پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی ناوەند پارە دەدات بەوان (حکومەتی هەرێم) و بۆچی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی ناکات؟، نهێنی ئەو هەنگاوە چیە؟”.

لەسەر هەمان پرس ماوەی دو رۆژە هاوڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان بەرامبەر دواکەوتنی موچە و ئەو 400 ملیار دینارەی بەغدا بۆ موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ناردوە بۆ دانەوەی قەرزەکان لەلایەن حکومەتی هەرێم خەرجکراوە، رێکاری نوێ دەگرنەبەر و لە دو رۆژی رابردودا بە دەیان هەزارجار هاشتاگی “#ئەو_400_ملیارە_کوا؟” لەلایەن بەکارهێنەرانەوە هاوبەشی پێکرا.

لە وەڵامیشدا سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجکردنی ئەو پارەیەی بەغدا کە بۆ موچەی فەرمانبەرانی ناردوە رایگەیاندوە، حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ نزیکەی 380 ملیار دینار لە سەرمایەدار و کۆمپانیاکان قەرزکردوەو گەرەنتی ئەوە پێداون لە ماوەی مانگێکدا پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیە لەگەڵ گەیشتنی 400 ملیارەکەی بەغدا، ئەو پارەی حکومەت کە قەرزکردبو بۆ خاوەن قەرزەکان دەگەڕێندرێتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.