Home » هەواڵ » کوردستانی » نوێنەری هەرێم لە بەغدا وردەکاری کۆبونەوەکەی بارزانی و کازمی ئاشکرادەکات
فارس عیسا

نوێنەری هەرێم لە بەغدا وردەکاری کۆبونەوەکەی بارزانی و کازمی ئاشکرادەکات

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان لە بەغدا رایگه‌یاند، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی راگه‌یاندوه‌، ئه‌گه‌ر تۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌مو عێراق بیت ده‌بێت موچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بنێریت و نه‌یبه‌ستیته‌وه‌ به‌كێشه‌كانه‌وه‌.

فارس عیسا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە بەغدا له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، “له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیی و به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق، نێچیرڤان بارزانی دوپاتیكردوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاڵنگاریه‌كان و چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌تایبه‌ت كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌ماكانی ده‌ستور، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی دوارۆژێكی پرشنگدار بۆ هه‌مو خه‌ڵكی عێراق”.

 به‌وته‌ی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم، “نێچیرڤان بارزانی پرسیاری له‌ مسته‌فا كازمی كردوه‌، تۆ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌مو عێراقیت یاخود نا؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێت، ده‌بێت موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بنێریت و نابێت بیبه‌ستیته‌وه‌ به‌كێشه‌كانه‌وه‌”.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌مو هاوكاریه‌ك به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌ربڕیوه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندێك، نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی عێراق کۆبوەوە و لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆسیەی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان گفتوگیان کرد.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.