Home » ئابوری » نەوتی خاو 43 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک زیادیکرد
نرخی نەوتی خاو

نەوتی خاو 43 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک زیادیکرد

بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت 40 دۆلاری تێپەڕاند، لە دوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە ئەوە یەکەمجارە نرخەکەی بگات ئەو ئاستە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گەشبینی وەبەرهێنەران لە بەرامبەر بەردەوامیدان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێک +.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 43 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک زیادیکرد، کە دەکاتە لەسەدا 1.1ی نرخەکەی، لە دواین مامەڵەدا بە 40.42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 68 سەنت بەرزبوەوە، کە لەسەدا 1.9ی نرخەکەیەتی و بە 37.49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا.

بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زۆری بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنرەوە، کە بە دو پێوەری سەرەکی ئەمساڵ بۆ نرخی نەوت هەژمار دەکرێت، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نرخەکەی کەمیکرد بۆ نزمترین ئاست کە لە 18 ساڵی رابردودا تۆماریکردبێت.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە وەبەرهێنەرانی نەوت دەستیان کردوە بە کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان بە تێکڕایی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەوەش نرخەکەی لەو کاتەوە دەستیکردوە بە هەڵکشان.

سبەینێ وڵاتانی ئۆپێک کۆبونەوەی پێشوەختەی خۆیان بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدەدەن، بڕیاریشە لە کۆبونەوەکەدا ماوەی بەردەوامیدان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا مانگی ئابی داهاتو درێژبکەنەوە، ئەوەش وەبەرهێنەرانی نەوتی گەشبینکردوە و بەوهۆیەوە نرخەکەی بۆ بەرزترین ئاست زیادیکردوە، کە لەدوای شەشی ئازاری ئەمساڵەوە یەکەمجارە ئەو ئاستە تۆماربکات.

a

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.