Home » هەواڵ » عێراق » وردەکاری دانوستانەکانی نێوان کازمی و بارزانی
کازمی و بارزانی

وردەکاری دانوستانەکانی نێوان کازمی و بارزانی

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیری عێراق وردەکاری سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئاشکرا کردووە و رایگەیاندوە، کە هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە و کۆتایی بەکێشەکانی نێوانیان بهێنن .

هیشام داود راوێژکاری سەرۆک وەزیری عێراق لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەم سەردانە دەربری ئەوەیە کە هەردوولا ئامادەن لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەماوەی حکوومەتەکانی پێشوتردا چارەسەر نەکراون چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و کۆتایی بەو ئاستەنگانە بهێنن کە رێگربوون لە درووستبوونی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش .

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لەدیدارەکاندا باس لەچەند خاڵێک کراون کە لەسەر بنەمای ئەو خاڵانە لیژنەی لاوەکی تایبەتمەند لەهەردوولاوە دوروست دەکرێن ، کە لەو خاڵانەدا گرفتە ئابوورییەکان و لێکەوتەکانی دابەزینی نرخەکانی نەوت و دۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کاریگەرییە خراپەکانی قەدەغەی هاتووچۆ لەسەر هاوڵاتیانی باسیان لێوە دەکرێت،  هەروەک باس لە چۆنێتی چالاککردنەوەی ئابووری و وەبەرهێنان و زیادبوونی ئامادەیی هەرێم لە بەغدا و پارێزگاکانی تر و ئامادەیی پارێزگاکانی تری عێراق لە هەرێم کراوە .

داود باسی لەوە کردووە کە لە دیدارەکە نێچیرڤان بارزانی جەختی کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەعێراق و ئەوان بەغدا و باشووری عێراق بەقوڵایی هەرێم دەزانن، هەروەک کازمی دووپاتی کردۆتەوە کە کوردستان بەلای عێراقییەکانەوە خۆشەوستە و لەئایندەدا هەماهەنگی نێوانیان زیاتر دەکەن .

سەبارەت بە گرفتە داراییەکان و بابەتی مووچەی فەرمانبەران، راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەى خستووەتەڕوو، لەوکاتەوەی حکوومەتی ئێستا دەستی بەکارکردووە ، شایستە داراییەکانی رابردووی هەرێمی خەرج کردووە، چەند خاڵێکیش هەیە حکوومەتی بەغدا دەیەوێت پرسیاری پێ لە حکومەتی هەرێم بکات و دواتر لەڕیگای پەیوەندییە فەرمییکانەوە وەڵامەکەی بەدەست بگاتەوە .

سەبارەت بە ماوەی داهاتوو و بەرهەمهێنانی نەوت و رادەستکردنی نەوت و پشکی عێراق لەناو رێکخراوی ئۆپیک ،کە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنەکان دەبێت عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە رونیکردوەتەوە، هەموو ئەو بابەتانە باسیان لێوەکراوە و بۆئەوەش دیداری تر بەڕێوە دەچن تاوەکو لەسەر بنەمای ئەوە خاڵە هاوبەشەکان گەڵاڵە بکەن.

لەسەر  لابردنی زمانی کوردیش لەسەر نووسراوە فەرمییەکانی ئەنجومەنی وەزیران راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ئەوەى خستووەتەڕوو کە زمانی کوردی بەپێی دەستوور زمانێکی فەرمییە و لەهەموو بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بەکاردەبرێت و ئەو گرفتەش کاتییە لەماوی ئایندەدا چارەسەر دەکرێت .

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.