Home » هەواڵ » ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست » ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێران دەکات
کازمی

ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێران دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات وەکو سەرۆک وەزیران، بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە وەزیرانی حکومەتەکەی سەردانی ئێران دەکات. بەپێی میدیایی ئێرانیش سەردانەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

عەلی رەزا موعزی، سەرۆکی فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئێران، بە ئاژانسی ئێسنای ئێرانی راگەیاندووە “سەردانەکەی کازمی بۆ تاران دوو رۆژ بەردەوام دەبێ و شاندێکی باڵای سیاسی و ئابووری یاوەری کازمی دەکەن کە لە وەزیرانی دەرەوە، نەوت، کارەبا، دارایی، بەرگری، تەندروستی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێکهاتوون”.

بەپێی زانیارییەکانی موعزی، رەزا ئەردکانی، وەزیری وزەی ئێران لە فڕۆکەخانەی مەهرئاباد پێشوازی لە کازمی دەکات، دواتر رێوڕەسمی پێشوازیلێکردنی کازمی لەلایەن حەسەن روحانی، سەرۆکی ئێران بەڕێوەدەچێت، “شاندی باڵای هەردوولا بە ئامادەبوونی ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران و مستەفا کازمی راستەوخۆ دەست بە گفتوگۆ دەکەن”.

سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران دوای رۆژێک دێ لە دواخستنی سەردانی چاوەڕوانکراوی بۆ سعودیە کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە هەڵوەشایەوە. هاوکات دوای دوو رۆژ دێت لە سەردانەکەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.