Home » هەواڵ » عێراق » “ئەو گەندەڵییەی لە وەزارەتی كارەبای عێراق هەیە، وێنەی لە دنیادا نییە’
وەزارەتی كارەبای عێراق

“ئەو گەندەڵییەی لە وەزارەتی كارەبای عێراق هەیە، وێنەی لە دنیادا نییە’

لە ماوەی ساڵانی دواییدا گەرمای هاوین عێراقییەكانی دەهێنایە سەر شەقام و ئێستەیش بەردەوامە، هۆكارەكەیشی نەبوونی كارەبایە، لە یەكێك لە دەوڵمەندترین وڵاتانی ناوچەكە، هۆكارەكەیشی لە یەكتر تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دەردەكەوێت، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و هۆكاری تری شاراوە.

حوسێن عەقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو گەندەڵییەی لە وەزارەتی كارەبای عێراق هەیە، وێنەی لە دنیادا نییە، ساڵانێكە نەهەنگەكانی گەندەڵی و لایەنە سیاسییەكان لە خێروبێری گرێبەستەكانی ئەو وەزارەتە دەخۆن، روونی كردەوە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكانی ئەو وەزارەتە، لێوردبوونەوە لە هەموو گرێبەستەكانی پێشوو دەكات، چونكە گەندەڵییەكانی هەن وێنەیان لە دنیادا نییە.

زیاتر گوتی، رێژەی كورتهێنان لە بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەرووی 60%یە، ئەوەیش دەمانخاتە پێش تاوانێكی گەورە لەو وەزارەتەدا، بۆیە پێویستە سزایەكی دادوەرانە بۆ هەموو ئەوانەی لەو وەزارەتە كەمتەرخەمن هەبێت، دووپاتی كردەوە، ساڵانێكە نەهەنگەكانی گەندەڵی و لایەنە سیاسییەكان لەسەر گرێبەستەكانی ئەو وەزارەتە خۆیان ژیاندووە، بۆیە كێشەیەكی گەورە لە پلاندانان و بەڕێوەبردن لەو وەزارەتە هەیە.

حەسەن كەعبی، یەكەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، سەرەڕای هەوڵەكانی نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام تا ئێستە هیچ گەڕاندنەوەیەكی پارە دزراوەكانمان نەبینیوە، نەشمان بینی گەندەڵكاراێك بچێتە زیندان، ئەوەیش شەقامی عێراق قبووڵی ناكات، پارەیەكی زیاتر لە وەزارەتەكانی تر لە وەزارەتی كارەبا خەرج كراوە و تا ئێستە هیچ پەرەسەندنێكمان لەو كەرتە نەبینی، بەهۆی گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردن، چەندان وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا دوور لە سەرچاوەی وزە دامەزرێندران، بۆیە لەبەرهەمهێنان شكستیان هێنا.

لای خۆیەوە ئەیهەم سامەڕایی، وەزیری پێشووتری كارەبای عێراق داوای كرد كە پێویستە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق وەڵامی پرسیارەكان سەبارەت بە هۆكاری شكستهێنانی پڕۆژەكانی كارەبا لە عێراق بداتەوە، ئەو لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئەوكاتەی وەزیری كارەبا بووم، یەك تۆمەتم لەسەر بوو، ئەوەیش وتیان سامانی گشتیت لە پڕۆژكانی كارەبا بەهەدەر داوە، بەڵام دواتر دادگە بێتاوانی كردم.

زیاتر گوتی، تەخشان و پەخشانی پارە و خراپیی بەڕێوەبردن و بەهەدەردانی پارەیەكی زۆر لە وەزارەتی كارەبای عێراق هەیە، چونكە ئەگەر كارەكان وەك پێویست بووان، دەبووایە لە 2010 عێراق هیچ كێشەیەكی كارەبای نەمابووایە، بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە لە نووری مالیكی بكەین، هۆكاری ئەو شكستە گەورە لە كەرتی كارەبا چییە؟

دووشەمی رابردوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، لە ساڵانی رابردوو چەندان ملیار دۆلار لە كەرتی كارەبا خەرج كراوە كە بەشی بنیاتنانی تۆڕی نوێی كارەبای دەكرد، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و خراپی بەڕێوەبەردن، تا ئێستە كێشەی كەمی كارەبا چارەسەر نەكراوە و نەهامەتی هاووڵاتییان بەردەوامە، وەزارەتەكانی پێشوو كاری چاككردنەوەیان وەك پێویست ئەنجام نەداوە و ئەوەیش كێشەكانی زیاتر كردووە، ئێستەیش لە دۆخێكی خراپی داراییداین بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆناوە، كازمی فەرمانی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بە گرێبەستەكانی 14 ساڵی وەزارەتی كارەبا دابچێتەوە بۆ زانینی هۆكارەكانی چارەسەرنەبوونی كێشەی كارەبا تا ئێستە.

دوای ساڵانێك لە فەرمانڕەوایی عێراقی نوێ، بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق گەیشتووەتە 13 هەزار و 500 میگاوات، پلانیش هەیە ئەو بڕە بۆ 20 هەزار مێگاوات زیاد بكات، كەچی نەهامەتی عێراقییەكان بەتایبەتی لە هاوین بەردەوامە، كاتێك پلەكانی گەرما دەبێتە 50 پلەی سەتی.

فورات مووسەوی، شارەزای بواری وزە دەڵێت، كێشەی كارەبا لە عێراق تەنیا تەكنیكی نییە، بەڵكو كێشەیەكی سیاسییە و چەندان حزب و هێزی سیاسی لەپشتەوەین كە بەسەر بڕیاری حكوومەت باڵادەستن، ئەوەیە كە دۆخی ئەو كەرتەی ئاڵۆزتر كردووە و كێشەكە چارەسەر نابێت.

زیاتر گوتی، لە 2003ەوە ستراتیجیەتێكی روون بۆ كەرتی كارەبا لە عێراق بوونی نییە، كاتێك لە 2003ەوە زیاتر لە 65 ملیار دۆلاری لێ خەرج كراوە و تا ئێستەیش دۆخەكە خراپە و كارەساتە، لەوكاتەی بەدرێژایی ئەو ساڵانەی رابردوو وەزارەتی كارەبا چارەسەری بۆ كێشەكە نەبووە، بۆیە لە سەرەتای هەموو وەرزێكی هاوین كێشەی كارەبا دێتە ئاراوە، لەوكاتەی وەزارەتی كارەبا وەڵامی گونجاوی نییە بۆ هاووڵاتییان لەبارەی خراپیی كارەبا و كەمی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا، تەنیا چەند بەیاننامەیەك دەردەكات و باسی پرۆسەی چاككردنەوە و بەفیڕۆچوونی بەشێك لە وزە ل تۆڕەكانی گواستنەوە و دابەشكردن و كاری تێكدەرانە دەكات.

شارەزایان دەڵێن، جیا لە گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردن و دەستگرتنی حزبە سیاسییەكان بەسەر گرێبەستەكانی ئەو كەرتە، هۆكاری سیاسی پێوەست بە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكەیش هەیە، لەوانە ئێران، بۆ بەردەوامبوون لە كڕینی كارەبا و سووتەمەنی لەو وڵاتە كە بە دۆخێكی خراپی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت و لە زۆر بوار پشت بە عێراق دەبەستێت و وەك بازاڕێك بۆ بەرهەمەكانی بەكاری دێنێت، لەوانەیش كارەبا و گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.