Home » هەواڵ » کوردستانی » بڕیاره‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی راپه‌رین
ئیداره‌ی راپه‌رین

بڕیاره‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی راپه‌رین

ژوری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی راپه‌رین بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ده‌ركرد و رایگه‌یاند، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی راپه‌رین ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی خۆیان چڕده‌كه‌نه‌وه‌ تا له‌ رۆژانی جه‌ژن و پشودا ئاوی خواردنه‌وه‌ دابینبكه‌ن.

به‌گوێره‌ی نوسراوێكی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی راپه‌رین بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا كه‌ واژۆی هیوا قه‌ره‌نی عه‌بدوڵا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی راپه‌رینی له‌سه‌ره‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ دیوانی ئیداره‌ی راپه‌رین ئه‌ندامانی ژوری ئۆپه‌راسیۆن بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ رێكار و ئاماده‌كاریی رۆژانی جه‌ژنی قوربان و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی به‌یانی ژماره‌ 44ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ساز كرد.

بڕیاره‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان:

یه‌كه‌م: سه‌رجه‌م بڕگه‌ و خاڵه‌كانی به‌یانی ژماره ی 44 وه‌زاره‌تی ناوخۆ تایبه‌ت به‌ داخستن و قه‌ده‌غه‌ی كرانه‌وه‌ی شوێن و محه‌له‌كان جێبه‌جێبكرێن

دوه‌م: داوا له‌ مامۆستایانی ئایینیی ده‌كه‌ین هه‌روه‌ك رابردو ئیسپاتیان كرد كه‌ هاوكارێكی بێدرێغی ئیداراتی ناوچه‌كه‌ن له‌ جێبه‌جێ كردنی رێنمایی و بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی هاوڵاتیان و ته‌ندروستی خه‌ڵكه‌وه‌، به‌ هه‌مان گیانی دڵسۆزی و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ هاوكارمان بن له‌ رێنوێنی و هوشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان بۆ پابه‌ندبونیان به‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی و ته‌ندروستییه‌وه‌ له‌ رۆژانی جه‌ژندا و خۆدورگرتن له‌ هه‌مو چه‌شنه‌كۆڕ و كۆبونه‌وه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ هۆی قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵیی و به‌ریه‌ك كه‌وتنی ناپێویست وه‌ك مه‌راسیمه‌كانی پرسه‌ و سه‌رقه‌بران و نوێژی جه‌ژن

سێیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی راپه‌رین ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی خۆیان چڕده‌كه‌نه‌وه‌ تا له‌ رۆژانی جه‌ژن و پشودا ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م شاروشارۆچكه‌كان دابین بكه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش میكانیزمی گونجا و و كاری پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌ن .

چواره‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی راپه‌رین و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای راپه‌رین میكانیزمی گونجاو بۆ خه‌فاره‌تی رۆژانی جه‌ژن و پشو داده‌نێن بۆ به‌رده‌وامیی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان .

پێنجه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانیه‌كان و كۆمپانیای پاككردنه‌وه‌ بۆ پاك راگرتنی شار و شارۆچكه‌كان و پاككردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی (قوربانی) كاری خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن .

شه‌شه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و سه‌رجه‌م داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان خشته‌ی ئه‌رك و پلانی كاری رۆژانی جه‌ژنیان به‌ تۆكمه‌یی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن .

حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی راپه‌رین تیمه‌كانی غه‌واص و ده‌ربازكردن ساز و ئاماده‌ ده‌كه‌ن له‌ به‌نداوی سه‌روچاوه‌ و ده‌ربه‌ند .

هه‌شته‌م: داوا له‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین بۆ پاراستنی ته‌ندروستی خۆیان و خزم و كه‌س و كار و ئازیزانیان به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك خۆیان له‌سه‌ردان و هاتوچۆ و هه‌رچه‌شنه‌ به‌ریه‌ك كه‌وتن و قه‌ره‌باڵغییه‌ك به‌دور بگرن .

نۆیه‌م: سه‌رجه‌م یه‌كه‌ كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كانی سنوری ئیداره‌مان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ دوای پشوی جه‌ژن ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌ به‌یانی ژماره‌ 44 ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ كارا ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی چاودێریی ره‌وشی جێبه‌جێ كردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كاندا و پێویسته‌ ئاماده‌كاریی ته‌واو بكه‌ن له‌م بابه‌ته‌وه‌.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.