Home » هەواڵ » کوردستانی » “جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان ٢٠% زیادی كردووە”
دەروازەی سنوری

“جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان ٢٠% زیادی كردووە”

سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا بەراورد بە رابردوو جموجۆڵێكی باشی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان دروست بووە و دەشڵێ: “پلانێكمان داناوە و كاری لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی دووبارە بازرگانانی بیانی ڕوو لە ھەرێمی كوردستان بكەن”.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە: “لە چەند مانگی ڕابردوودا بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان كەمی كردبوو، بەڵام لە ئێستادا جوڵەیەكی باشی بازرگانی دروست بووەتەوە و ھەوڵیش دەدرێت زۆر لەوە زیاتر بكرێت و كاری بۆ دەكەین”.

خەیات وتیشی: “پلانێكمان داناوە و كاری لەسەر دەكەین بۆ راكێشانی بازرگانانی بیانی بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بێن كاری بازرگانی بكەن، چونكە بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆنا ھاتنیان وەستاوە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵیان ھەر بەردەوامە و نەپچڕاوە”.

دەشڵێ: “حكوومەتی كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی راگەیاندووە و ھەوڵ دەدرێت بازرگانان بێن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدەن”.

تەنھا لەم مانگەدا، بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو، جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان ٢٠% زیادی كردووە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.