Home » هەواڵ » عێراق » سێ‌ سەرۆكایەتی عێراق کۆبوونەوە
سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق

سێ‌ سەرۆكایەتی عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوەوە و پێكەوە جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە كۆبونەوەكەدا كۆتا دەرئەنجامەكانی دۆخی ئێستای تەندروستی وڵات لە چوارچێوەی دەرئەنجامەكانی كۆرۆنا قسەی لەسەركراوە لەگەڵ سەرجەم پێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی وڵات.

لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر بەردەوامی كەرتی تەندروستی كراوەتەوە بۆ فەراهەمكردنی پێداویستیەكانی چارەسەر و ئەنجامدانی پشكنین، لەگەڵ پەرەپێدانی توانای نەخۆشخانەكان و ناوچەكانی كەرەنتینكردن بە جۆرێك كە باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هاوڵاتیان بكرێت.

هەر لە كۆبونەوەكەدا گیانی خۆبەختكردن و مرۆڤدۆستی نیشتیمانی لەلایەن تیمە پزیشكییەكانەوە بەرزنرخێنرا لە بواری دابینكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری خۆپارێزی و تەئكید لەسەر گرنگی كاركردنی بەرپرسیارانە كرایەوە كە ببێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان بەتەواوی پابەندی رێنماییە تەندروستی خۆپارێزیەكان بن.

بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای دارایی هاوڵاتیان بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان سنوردارە، لەو روەشەوە ئەو رێگایانە تاوتوێكران كە هاوكاربن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی خراپی ئابوری و بەردەوامیدان بە جموجۆڵ و بازاڕگەری.

هەر لە كۆبونەوەكەدا باس لە رێككارە حكومیەكان كراوە كە لەئێستادا بەبەردەوامی كاری لەسەر دەكرێت بۆ دەستەبەركردن و جۆراوجۆركردنی داهاتی ناوخۆ و هەوڵدان بۆ ئەوەی پەرەبدرێت بە سروشتی ناوچە كشتوكاڵییەكان لەپێناو هاوكاریكردن و زیادكردنی بەروبومی ناوخۆ لەپێناو پێشخستنی سیستمی ئابوری و دارایی. كۆبونەوەكە جەختی لە روبەروبونەوەی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی كردوەتەوە.

لە بواری ئەمنی كۆبونەوەكە بە گرنگییەكی تایبەتەوە تاوتوێی سەرجەم كایە هەواڵگری و سەربازییەكانی كردوە، لەپێناو بەردەوامیدانی جەنگ لە دژی تیرۆر و كۆتاییهێنان و تێكشكانی شانە نوستو كاراكانی تیرۆر.

لە كۆبونەوەكەدا، مستەفا كازمی ناوەرۆكی بەرنامەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكانی بۆ عەرەبستانی سعودیە و ئێران خستوەتەرو، جەخت كراوەتەوە لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەو دو وڵاتە و پاراستنی ئەو پەیوەندیانە و رێگەكانی هەماهەنگی بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەكە، كە كەشێكی گونجاو بۆ سەروەرییە نیشتیمانیەكانی نێوان وڵاتان دابینبكات.

پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێكی دیكە بوە لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە لەگەڵ پرسی دیاریكردنی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لەژێر رۆشنایی ئەو بەڵێنانەی بە گەل دراوە و پابەندبون بە بەڵێنەكانەوە. هاوكات هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان بە جۆرێك كە ببێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانە تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا كار و بەرنامەی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێكراوە، هەرسێ سەرۆكایەتی جەختیان كردوەتەوە كە پشتیوانی تەواوی هەوڵەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەرتی كارەبا دەكەن، بە ئامانجی گەیشتن بە هۆكارەكانی دروستبونی كێشە و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمان.

بەشێكی دیكەی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق باسكردن بوە لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كاركردن لەسەر بەرنامەیەك بۆ ئەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بگەنە چارەسەركردن، جەختیشكراوەتەوە لە گرنگی كاركردن لەسەر بەرنامەیەك كە مافی هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی و لەسەر بنەمای دەستور بپارێزێت و لێكتێگەشتنێكی نیشتیمانی گشتگیری تێدابێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.