Home » هەواڵ » کوردستانی » قوباد تاڵەبانی: بەكردنەوەی وێستگەی خەبات 10%ی كارەبای هەرێم زیاد دەبێت
قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی: بەكردنەوەی وێستگەی خەبات 10%ی كارەبای هەرێم زیاد دەبێت

لەمەراسیمی بەگەڕخستنی وێستگەی دووەمی هەڵمیی خەبات، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر هاوكاریی هاووڵاتیان لەگەڵ حكومەتدا هەبێت، دەتوانن دۆخی كارەبا بەرەو باشترببەن. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتیش دەڵێت “بەرهەمهێنانی كارەبا 10% زیاد دەكات”.

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا وێستگەی دووەمی هەڵمیی خەبات خرایەكار، كە 150 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەوەش كارەبای بەرهەمهاتوی هەرێمی كوردستان 3000 مێگاوات تێدەپەڕێنێت.

لەمەراسیمەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، داوایان لە وەزارەتی كارەبا كردووە، پێداچونەوە بكەن بە تۆڕی گشتیی كارەبای هەرێمی كوردستان، لە بەرهەمهێنان و گەیاندن و بەكارهێنانی كارەبا، كە لەو نێوەندەدا ئەركی سەرەكی دەكەوێتەسەر هاووڵاتی، كە كارەبا بەهەدەر نەدەن، چونكە ئەگەر هاوكاریی هاووڵاتیان لەگەڵ حكومەتدا هەبێت، دەتوانن دۆخی كارەبا بەرەو باشتر ببەن.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكراشیكرد، پێشتر لە بەرهەمهێنانی كارەبادا پشتیان بە گازوایل بەستوە، بەڵام لەئێستادا هەوڵیانداوە زیاتر سود لە غاز ببینن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، لەو نێوەندەشدا داواكراوە بەرهەمی غاز زیاتر بكرێت، تا بتوانرێت توانای حكومەت بە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان زیاتر بكرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت “بەكردنەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای 300 مێگاواتی هەڵمیی خەبات، 10%ی كارەبای هەرێم زیاد دەكات”.

قوباد تاڵەبانی لە پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك نوسیویەتی “ئەمڕۆ هەنگاوێكی گرنگمان نا بەرەو خزمەتكردنی باشتری هاووڵاتیانی كوردستان. سەرۆكی حكومەت و بەندە لەگەڵ هەردوو وەزیری كارەبا و پلاندانان، بەشداربووین لە رێوڕەسمی كردنەوەی وێستگەی بە‌رهە‌مهێنانی كارە‌بای 300 مێگاواتی هەڵمیی قەزای خەبات لە‌ هە‌ولێر”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.