Home » هەواڵ » نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
نێچیرڤان بارزانی

نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە رایدەگەیەنێت،هیوادارم هه‌وڵه‌كانی هه‌مو لایه‌كمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە،”هیوادارم جه‌ژن‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی قوڵكردنه‌وه‌ی زیاتری گیانی لێبورده‌یی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردستان، هه‌وڵه‌كانی هه‌مو لایه‌كیشمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری.”

باسیلەوەشكردووە،”كوردستانیان دڵنیاده‌كه‌مه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێ هه‌مو لایه‌ك تواناكانمان یه‌كبخه‌ین و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و گرفته‌كان و مسۆگه‌ركردنی ماف و شایسته‌ ده‌ستورییه‌كان و پاراستنی پێگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.”

دەقی پەیامەكە:

په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ جه‌ژنی پیرۆزی قوربان

جه‌ژنی قوربان له‌ خێزان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، له‌ موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان، هه‌روه‌ها له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ، پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌ كه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان به‌ره‌نگاری په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌ته‌وه‌، به‌ گه‌رمی پیرۆز ده‌كه‌م.

هیوادارم جه‌ژن‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری گیانی لێبورده‌یی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌ییی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردستان، هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌كیشمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری. كوردستانیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك تواناكانمان یه‌ك بخه‌ین و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و گرفته‌كان و مسۆگه‌ركردنی ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كان و پاراستنی پێگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

‌به‌ڕێز و پێزانینێكی زۆره‌وه‌ له‌ خۆڕاگری و پشوودرێژیی کوردستانیان ده‌ڕوانم كه‌ به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌، به‌رگه‌ی قه‌یران و سه‌ختییه‌كان ده‌گرن، هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین، سه‌ختییه‌كانمان تێپه‌ڕاندبێت و ئاسۆیه‌كی گه‌ش به‌ ڕووی كوردستاندا كرابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواكارم هه‌مووان ڕه‌چاوی ڕێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان و خۆپارێزی بكه‌ن.

جه‌ژنی هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشی. ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه، جیهان و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
30/7/2020

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.