Home » هەواڵ » عێراق » کازمی پەیامێک دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان
خۆپیشاندان

کازمی پەیامێک دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان

وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و پەیامی ئامادەیی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای گەیاندوەتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش ئامادەیی هەولێری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێشمەرجی “پاراستنی ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوردا” دەربڕیوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق کرد و لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ناوچە سنورییەکان کراوە.

لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەو دۆخە سەختە کردوە، کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبن بە هۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کە هەماهەنگی و هاوکاری هەردولای پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوبارەیەوە وەزیری ناوخۆی عێراق باسی لەوەکردوە، “مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان”.

لای خۆیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی دەربڕیوە لە چوارچێوەی دەستور بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بن و لە بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراقدا بێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.