Home » هەواڵ » جێهان » ئەمریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان بۆ کەمتر لە پێنج هەزار سەرباز کەمدەکاتەوە
هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان

ئەمریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان بۆ کەمتر لە پێنج هەزار سەرباز کەمدەکاتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پلانیدایە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان تا کۆتایی (تشرینی دوەم/11)ی ئەمساڵ بۆ کەمتر لە پێنج هەزار سەرباز کەمبکاتەوە.

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی رایگەیاند، لە ئێستادا هەشت هەزار و 600 سەربازی ئەمریکی لە ئەفغانستاندا بونیان هەیە، لە پلانیشیاندایە ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە پێنج هەزار سەرباز کەمبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی جێبەجێکردنی ئەو پلانە تا کۆتایی مانگی (تشرینی دوەم/11)ی ئەمساڵ دەبێت، لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتننامەیەدا دەبێت کە لەگەڵ رێکخراوی چەکداری تاڵیباندا واژۆیکردوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەکەڵ کەناڵی ئەکسیۆسی وڵاتەکەی رایگەیاندبو، واشنتن لە پلانیدایە ژمارەی سەربازانی خۆی لە ئەفغانستان بۆ نزیکەی چوار هەزار سەرباز کەمبکاتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی دیارینەکرد.

15ی مانگی رابردوش زاڵمای خەلیلزاد، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان رایگەیاند، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە پێنج هەزار سەربازیان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کشاندوەتەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی 18 ساڵەی ئەو وڵاتە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.