Home » هەواڵ » کوردستانی » بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی پارتی دەكات 
لۆگۆی گۆڕان - لۆگۆی پارتی

بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی پارتی دەكات 

بزوتنەوەی گۆڕان یادی دامەزراندن لە پارتی پیرۆز دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم یادە هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و دارایی و تەندروستی و ئەمنی، بۆیە داوای سازدانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی و بەرفراونتر دەكات.

بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەكات و ڕاشیگەیاندووە، لەم بۆنەیەدا بەپێویستی دەزانین جارێكی دیكە جەخت لەسەر خێراكردنی هەنگاوە كردارییەكانی چاكسازی ڕاستەقینە لە هەرێمی كوردستان بكەینەوە.

دەشڵێت: “كار بكرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتیەكان و بەهێزكردنەوەی دامەزراوە شەرعیەكان بەئاڕاستەی سەپاندنی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی بەسەر سەرجەم داهاتە ناوخۆییەكانیدا”.

دەقی پیرۆزباییەكە:

بەڕێز: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە بەڕێز سەرۆكی پارتی و بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانتان دەكەین.

ئەم یادە هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و دارایی و تەندروستی و ئەمنی كە یەخەی بە هەرێم و هاونیشتمانیان گرتوە، ئەوەش ئەركێكی بەپەلەی خستۆتە سەرشانی سەرجەم هێزە سیاسیەكان لە پێناو گفتوگۆ و راوێژ و دانیشتن بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاوی دەربازبون لەم تەنگژانەو پاراستنی دەستكەوتەكان و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەكی باشتر بۆ گەلەكەمان و كاركردن بە ئاراستەی رێكەوتنی گشتگیر لەسەر بنەمای دەستور و بەرژەوەندیە باڵاكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا. بۆ ئەو مەبەستانە، سازدانی كۆبونەوەی سێ قۆڵی و بەرفراونتریش بە رێكارێكی گونجاو ئەزانین.

لەم بۆنەیەدا، بەپێویستی دەزانین جارێكی تر جەخت لەسەر خێراكردنی هەنگاوە كردارییەكانی چاكسازی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان بكەینەوە، بەشێوەیەك هەنگاوەكان وەڵامدەرەوەی پێداویستیەكانی خەڵك و، تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتیەكان و بەهێزكردنەوەی دامەزراوە شەرعیەكان بێت، بەئاراستەی سەپاندنی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی بەسەر سەرجەم داهاتە ناوخۆییەكانیدا.

بزوتنەوەی گۆڕان

١٥ی ئابی ٢٠٢٠

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.