Home » هەواڵ » جێهان » بەشێك لە هۆكارکانی تەقینەوەكەی بەیروت ئاشكرا کرا 

بەشێك لە هۆكارکانی تەقینەوەكەی بەیروت ئاشكرا کرا 

سەرچاوە ئاگادارەكان ڕایدەگەیەنن، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژە بە چەندان ساڵ پشتگوێخستتن و بێخەمی دەسەڵاتداران دەكەن لەڕووی عەمباركردنی ماددەیەكی مەترسیدار لە بەندەری بەیروت كە بووە هۆی ئەو تەقینەوەیەی تێیدا زیاتر لە 100 كەس بونە قوربانی.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە:”مەسەلەی سەلامەتی عەمباركردن، چەندان جار خراوەتە بەردەست لیژنەكان و دادوەران، بەڵام هیچ فەرمانێك دەرنەكرا بۆ گواستنەوەی ئەو ماددەیە كە خێرا گڕدەگرێت، یان لەناوبردنی”.

بە وتەی سەرچاوەكە:”ئاگرێك لە گەنجینەی ژمارە نۆی بەندەرەكە كەوتەوە و گەیشتە گەنجینەی ژمارە 12 كە نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا عەمباركراوە”.

سەرچاوەكە دەڵێت:”تەقینەوەكەی 4ی تەمموز بەهێزترین تەقینەوە بوو كە بەیروت بەخۆیەوە بینی، لەكاتێكدا شارەكە هێشتا برینەكانی جەنگی ئەهلی كە سی ساڵ درێژەی كێشا ساڕێژ نەبوون، سەرباری ئەوەش بە تەنگژەیەكی دارایی تونددا تێدەپەڕێت كە دەرهاویشتەی دەیان ساڵ لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابورییە”.

بەدەری زاهیر، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی لوبنان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە”گەمرگ شەش بەڵگەنامەی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بەرزكردۆتەوە و هۆشداریی داوە لەبارەی مەترسی گەورەی ماددەكە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە لوبنانییە”داوامان كرد سەرلەنوێ‌ هەناردە بكرێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوەینەدا و هۆكارەكەشی بۆ شارەزایان و پەیوەنیدارەكان بەجێدەهێڵین”.

سەرچاوەیەكی تر كە فەرمانبەرە لە بەندەرەكە بە (رۆیتەر)ی ڕاگەیاندووە”شەش مانگ لەمەوبەر تیمێك نیتراتی ئەمۆنیۆمی نێو گەجینەكەی تەماشاكرد و هۆشداریدا لەوەی كە گەر نەگوازرێتەوە،هەموو بەیروت دەتەقێنێتەوە”.

بەپێی ئاژانسەكە، دوو بەڵگەنامە هەن كە تێیاندا گومرگی لوبنانی لە ساڵانی 2016 و 2017 داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی كردووە، تا داوا لە دامەزراوە دەریاییە پەیوەندیدارەكان بكات، ماددەكە هەناردەبكەن، یان ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەرببڕن كە لەڕێی كەشتی باری (رۆسۆس)ەوە هێنرا و لە گەنجینەی 12دا بۆ زامنكردنی سەلامەتی بەندەرەكە هەڵگیراوە”.

یەكێك لە بەڵگەنامەكان، ئاماژە بە چەند داواكارییەكی هاوشێوە دەكات لە ساڵانی 2014 و 2015.

ماڵپەڕی شیب ئەرستید. كۆم، كە تۆڕێكە مامەڵە لەگەڵ سكاڵا یاساییەكانی كەرتی بار دەكات، لە ڕاپۆرتێكیدا لە ساڵی 2015 ڕایگەیاندووە، كەشتی رۆسۆس كە بە ئاڵای مۆڵدافیاوە لە دەریادا گەشتی كردووە، كاتێك ڕووبەڕووی كێشەی تەكنیكی بووە لە گەشتە دەریاییەكەی لە جۆرجیاوە بۆ مۆزەمبیق، ، لە مانگی ئەیلولی 2013 لە بەیروت لەنگەری گرت و 2750 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتبوو.

بەپێی ماڵپەڕەكە”دوای ئەوەی پشكنینی بۆكراوە، ڕێگە لە بەڕێكەوتنی گیراوە، پاش ماوەیەكی كەمیش خاوەنی بارەكە دەستبەرداریی بارەكەی بووە، ئەمەش دوو قەرزاریی ناكۆكی ناچار كردووە سكاڵای ئاسایی بەرزبكەنەوە”.

ئەو ماڵپەڕە دەڵێت”بەهۆی مەترسییەكانی پەیوەست بە هێشتنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەسەر كەشتییەكە، دەسەڵاتداران ناچاربوون بارەكە بگوازنەوە بۆ نێو گەنجینەكانی بەندەرەكە”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.