Home » هەواڵ » جێهان » بەندەری مێرسینی تورکیا دەخرێتە خزمەتی لوبنانەوە

بەندەری مێرسینی تورکیا دەخرێتە خزمەتی لوبنانەوە

یاردەدەری سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند، تا بەندەری بەیروت دەکەوێتەوە کار بەندەری مێرسین لە خزمەتی لوبنان-دا دەبێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، فوئاد ئۆکتای یاردەدەری سەرکۆماری تورکیا هاوڕێ لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە و شاندێکی یاوەریان لە شاری بەیروت سەردانی کۆشکی بەعەبدا-یان کرد و لەلایەن سەرۆک کۆماری لوبنان، میشێل عەون پێشوازییان لێکرا، لەدیدارەکەشدا جەختیکردەوە تا بەندەری بەیروت دەکەوێتەوە کار بەندەری مێرسین لە خزمەتی لوبنان-دا دەبێت.

دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردو وڵات، فوئاد ئۆکتای رونکردنەوەی بۆ رۆژنامەنوسان دا و رایگەیاند: “بۆ نیشاندانی پشتیوانی و پێکەوەیی تورکیا و لوبنان سەردانی بەیروت-مان کردوە”.

ناوبراو ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە دوای تەقینەوەکە، تورکیا تیمێکی فریاگوزاری گەورەی رەوانەی لوبنان کردوە و تا ئێستاش تیمەکە لە بەندەری بەیروت بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێن، هەروەها بە یارمەتی رێکخراوی تیکا، دەزگای ئافاد و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە تورکیا دو نەخۆشخانەی گەڕۆک، تیمی تەندروستی و نزیکەی 400 تۆن پێداویستی پزیشکی نێردراونەتە لوبنان.

فوئاد ئۆکتای ئەوەشی دوپاتکردەوە کە تورکیا بەردەوامدەبێت لەسەر ناردنی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بۆ لوبنان و رایگەیاند: “تورکیا بە هەمو توانایەوە ئامادەیە بۆ بنیاتنانەوەی بەندەری بەیروت و بیناکانی دەوروبەری.

جەختیشیکردەوە، “تا کاتێک بەندەری بەیروت دەکەوێتەوە کار، بەندەری مێرسین لە کارە بازرگنییەکاندا هەم بۆ گومرگ و هەم بۆ عەمبارکردن لە خزمەتی لوبنان-دا دەبێت. هەروەها تەواوی نەخۆشخانە و فڕۆکە فریاگوزارییەکانی تورکیا لە خزمەتی لوبناندا دەبن”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.