Home » هەواڵ » جێهان » توێژەرێکی ئیسرائیلی: خەونى کورد بۆ سەربەخۆیی تێکشکا و هۆکارەکەشى لە ئەستۆى خۆیانە
خەونى کورد بۆ سەربەخۆیی

توێژەرێکی ئیسرائیلی: خەونى کورد بۆ سەربەخۆیی تێکشکا و هۆکارەکەشى لە ئەستۆى خۆیانە

توێژەرێکى ئیسرائیلى دەڵێت، خەونى کورد بۆ سەربەخۆیی تێکشکا و بەشێکى زۆرى هۆکارەکەشى لە ئەستۆى خۆیانە.

ئەیهود یەعارى توێژەرى ئیسرائیلى لە ماڵپەڕى کەناڵى ١٢ى ئیسرائیلى بابەتێکى نوسیوە و باس لەوەدەکات، ئیسرائیل بۆ ماوەى چەندین دەیەیە وەبەرهێنانى لە بەرنامەى کورددا کردووە بۆ بەدەستهێنانى سەربەخۆیی ئەوەش بە پێدانى هاوکارى سەربازیى، راوێژکار و ستافى پزیشکى و یارمەتى دیبلۆماسى و کڕینى نەوت بەشێوەى نهێنى، ئەو دەشڵێت، بەداخەوە ئێستا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جیاوازتر دەردەکەوت، ئەگەر دەوڵەتى کوردى دابمەزرایە و تەنانەت ئەگەر تەنیا باکورى عێراقیشى بگرتایەتەوە و بەوەش ٤٠ ملیۆن کوردى لێ بێبەش بکردایە کە لە پارچەکانى دیکەى کوردستان دەژین.

توێژەرەکە دەشڵێت، بۆماوەى چەندین ساڵ پەیوەندى بەهێز و هاوڕێیەتى نزیکى لەگەڵ چەند سەرکردەیەکى کورددا هەبووە، خۆى وەک پشتیوانێکى دڵسۆزى خەباتى کورد بینیوە، بەڵام ئێستا واقیعەکە دەبینێت کە خۆیان بەدەستى خۆیان رێگر بوون لە بەدەستهێنانى ئەو دەرفەتەى هەیان بوو، هۆکارەکەشى بریتیە لەوەى، کوردەکان ناتوانن وازبهێنن لە خوى شەڕ و ناکۆکى ناوخۆیی، هەروەها گەڕان بەدواى هاوپەیمانێک لە دەرەوەى پایەى خۆیان و بەداخەوە خۆشی وەرگرتن لە گەندەڵى.

باس لەوەشدەکات ئێستا تەنانەت ئەگەر جۆ بایدنیش وەک سەرۆک کۆمارى ئەمریکا هەڵبژێردرێت پێشنیازە کۆنەکەى دووبارە ناکاتەوە بۆ دابەشکردنى عێراق بۆ سێ هەرێم، لەوانەیە ئەمە وانەیەکى بچوکیش بێت بۆ ئێمە.

ئەیهود یەعارى ئەوەشی خستەڕوو، بە بۆچوونى ئیسرائیل، ئەمریکا لەوانەیە لە کۆتاییدا حکومەتى کوردى وەک شەریکێکى جێ متمانە بزانێت، بەڵام لەکاتێکدا کوردەکان خۆیان سەرقاڵن بە ناکۆکى ناوخۆیی و سەرکردەکانیان بایکۆتى یەکتردەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکى جنێودانن بە یەکدى، ئەوا تەنانەت باشترین هاوڕێکانیشیان ناتوانن یارمەتیان بدەن.

لە درێژەى بابەتەکەدا توێژەرەکە ئاماژەی بەوەکرد، بەم دواییانە وردەکاریى چەند مامەڵەیەکى فرۆشتنى نەوت ئاشکرابوون کە ساڵانێکە لەڕێگەى بازرگانێکى ناپاکى پاکستانى کە ملیاران دۆلارى خستووەتە بانکێکى لوبنانیەوە، کە ئەویش دەرگاى داخستووە و پارەکەش لەدەستچووە، ئێستا مەسرور بارزانى سەرۆک وەزیران بۆ دووەمجار لە کەرتى تایبەت دەپاڕێتەوە تاکو قەرزى بدەنێ، هەروەها نێچیرڤان بارزانى ئامۆزاى بەوە تۆمەتبار دەکات کە قەیرانێکى دارایی بە میرات بۆ جێهێشتووە، ئێستا بارزانییەکان داواى پارە لە بەغدا دەکەن ئەوەش لەسەر حسابى سیاسى دەبێت واتە تا دێت سەربەخۆییان کەمدەبێتەوە.

بارزانییەکان دوو پارێزگایان بەدەستەوەیە، سێیەمیان کە سلێمانیە بەدەست بنەماڵەى تاڵەبانییەوەیە، کە ئەم هەفتەیە رایگەیاند، بۆ یەکەمجار دەچێتە هەولێر و لەوێوە و لەنزیکەوە چاودێرى کاروبارەکان دەکات.

ئەم دوو بنەماڵەیە، حزب و میدیا و هێزى میلیشیا (چەکدار) و دەزگاى سیخوڕى خۆیان هەیە، هەریەکەیان ئیمپراتۆڕیەتێکى بزنسى تاریک (نهێنى) بەڕێوەدەبەن و چارەکە ملیۆنێک موچەخۆرى بندیواریان هەیە، دەبێت ئەوەش بوترێت تاڵەبانییەکان لەناوخۆشیاندا دابەشبوون، لەنێوان لایەنگرانى خێزانى جەلال تاڵەبانى سەرکردەى کۆچکردوو و نەیارەکانی.

هەموو ئەمانە پاش ئەوە دێت، کە کوردەکان زۆربەى ئەو ناوچانەى لە شەڕى داعشدا گرتبوویان بە سوپاى عێراقیان دۆڕاند و لەوانەش کەرکوکى دەوڵەمەند بە نەوت کە بە قودسى کوردستان ناوی دەبەن، تاکە هۆکارى ئەو دۆڕانەش ئەوە بووە کە کوردەکان رەتیانکردەوە گوێ لە ئامۆژگارى هەموو هاوڕێکانییان بگرن لەوانەش ئیسرائیل، کە ریفراندۆمى ساڵى ٢٠١٧ نەکەن، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان کرد و چەندین ناوچەى فراوانیان لە دەستدا و لەو کاتەشەوە دامەزراندنى دەوڵەتى خۆیان لەبیرکردووە.

لەم دواییانەدا، تورکیا دەستیکردووە بە دابڕینى چەند ناوچەیەک لە باکورى هەرێمى کوردستان بۆ دامەزراندنى ناوچەیەکى ئارام هاوشێوەى باکورى سوریا، دژى پەکەکە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.