Home » هەواڵ » کوردستانی » سلێمانی.. فرۆکەکانی تورکیا سنووری قەزای ماوەتیان بۆردوومانکرد
قەزای ماوەت

سلێمانی.. فرۆکەکانی تورکیا سنووری قەزای ماوەتیان بۆردوومانکرد

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، فرۆکەکانی تورکیا لە دوو کاتی جیاوازدا سنووری قەزای ماوەتیان لە پارێزگای سلێمانی، بۆردوومانکرد.

کامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: “دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 7-8-2020 فرۆکەکانی تورکیا لە دوو کاتی جیاوازدا، کاژێر 1:15 خولەک و کاژێر 1:35 خولەک، بۆردوومانی سنووری گوندی قامیشیان کرد لە قەزای ماوەت”.

سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە، قائیمقامی قەزای ماوەت گوتی: “بۆردوومانەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆر بووە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە رووبەرێکی زۆری رەز و پاوان سووتاوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە”.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە تورکیا سنووری قەزای ماوەت بۆردوومان دەکات، رۆژی 4ی ئەم مانگەش فڕۆکەکانی تورکیا دووجار سنووری گوندی گەڵاڵەیان لە لە قەزای ماوەت بۆردوومانکرد.

پێگەکانی نزیک لە سوپای تورکیا ئەوکات بڵاویانکردەوە چەند ئامانجێکی پەکەکەیان لەو ناوچەیە پێکاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەزانراوە ئامانجەکە چی بووە و مەبەست کێ بووە.

بۆردوومانی تورکیا لەو ناوچەیە دوای ئەوە دێت، شەوی 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی “چڕنووکی هەڵۆ” راگەیاند، هەروەها رۆژی 17ی هەمان مانگیش ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بە ناوی “چنگی پڵنگ” بۆ سەر  گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیاندو تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.