Home » هەواڵ » عێراق » سەبارەت بە زیادبونی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێم نامەیەك ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێت 
خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ

سەبارەت بە زیادبونی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێم نامەیەك ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێت 

ژمارەیەك پەڕلەمانتاری كورد لە پەڕلەمانی عیراق نامەیەك ئاڕاستەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق دەكەن.

بە بۆنەی پێشلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری زاخۆ، ژمارەیەك پەڕلەمانتاری كورد لە پەڕلەمانی عیراق نامەیەك ئاڕاستەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بە حوكمی ڕۆڵتان لە عیراق لە پڕۆسەی سیاسی و نوێنەرایەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن لە عیراق، لە ئاست ئەم پێشێلكاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم كە دووربكەونەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران كە بۆ داواكردنی مافەكانیان و دژ بە گەندەڵی ڕژاونەتە سەر شەقامەكان.

دەقی نامەكە…

بەرێز نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق

بابەت: پێشێلكاری مافی مرۆڤ لە كوردستان

بەرێز خاتوو جەنین بەلاخارست، نێردەی تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغداد، ئێمە وەك ژمارەیەك پەڕلەمانتار و نوێنەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەكەین سەبارەت بە زیادبونی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەكدارە حزبییەكانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.

بە دیاریكراوی سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەكانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و ڕۆژانی دوایی كە تیایدا هێزەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەكارهێنانی چەك و بە فیشەك روبەروی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بوونەوە و زیاتر لە ۱٠ كەس بە سەختی بە فیشەك برینداركراون.

ئێوە ئاگادارن كە هەرێمی كورستان بە دۆخێكی ئابوری سەخت دا تێدەپەرێ و بێكارییەكی زۆر ڕووی لە هاووڵاتیانی هەرێم كردووە بەجۆرێك شارێكی گرنگی وەك زاخۆ، كە ناوەندێكی بازرگانی مەزنە، گەنجەكانی بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن و كاتێكیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بكەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەكرێن و بێ هیچ پارێزەرێك ناچار دەكرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەك بكەن كە چیتر خۆپیشاندان نەكەن.

ئێمە داواتان لێدەكەین، بە حوكمی ڕۆڵتان لە عیراق لە پڕۆسەی سیاسی و نوێنەرایەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن لە عیراق، لە ئاست ئەم پێشێلكاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم كە دووربكەونەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران كە بۆ داواكردنی مافەكانیان و دژ بە گەندەڵی ڕژاونەتە سەرشەقامەكان.

لە گەڵ رێزمان،

  1. ئەحمەد حاجی رەشید
  2. سەركەوت شەمسەدین
  3. د.رێبوار كریم محمود
  4. غالب محمد عەلی
  5. رابون مەعروف
  6. د. موسەنا ئەمین

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.