Home » هەواڵ » عێراق » شاندێکی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکەن
ئالای کوردستان و عیراق

شاندێکی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکەن

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و، لێكنزیكبوونەوەی باشیش ھەیە. سەركردەیەكی سوننەكانیش دەڵێت، چاوەڕێ دەكرێت ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنی ھەردوو حكوومەت، دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عیراقدا بە شێوەیەكی گشتی.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وتی: “بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە بەردەوامبوونی دانوستان پێویستە و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیریی ھەردوو حكومەت بێت، بۆیە گەر بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت”.

سەبری وتیشی: “لێكنزیكبوونەوەی باش ھەیە و تەنھا ھەندێك وردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن”.

لای خۆشیەوە، د. عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان، رایگەیاند: “عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێكی دیكە، تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری دروست بكات، بۆیە پێویستە دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەكە و ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە ھۆی سەقامگیری بۆ ھەموو عیراق، هەروەها سەقامگیریی ھەرێم، واتا سەقامگیریی ھەموو عیراق، بۆیە پێویستە حكومەتی عیراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگاتە رێككەوتن”.

مەكی، وتیشی: “پێویستە دانوستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێ بكرێت، چونكە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی سەقامگیریی عیراق بە گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە بوونی كێشە لە نێوان ھەردوولا، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی دۆخی عیراق”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.