Home » هەواڵ » کوردستانی » مەسعود بارزانی بڕیاری گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی حزبەكەی داوە
مەسعود بارزانی

مەسعود بارزانی بڕیاری گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی حزبەكەی داوە

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی حزبەكەی داوە و (ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی) وەك بەرپرسی لقی دووی پارێزگای هەولێر دەستبەكار ببێت و هەڵكەوت لالە ئەنور خلیفە یونس وەك پەڕلەمانتار لە جێگای ئەودا متمانەی پێبدرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دیموكراتی كوردستان ڕايگەیاند، “مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داوە، كە ئومێد خۆشناو، سەرۆكی ئێستای فڕاكسۆنی پارتی، پۆستی لێپرسراوی لقی دووی لە هەولێر پێ بسپێردرێ و هەڵكەوت لالە ئەنور خلیفە یونس یەكەم كاندیدی یەدەگە و وا بڕیارە لە جێگای سەرۆكی فڕاكسیۆن، بەڵام وەك ئەندامێكی پەڕلەمان دەستبەكارببێت”.

وتیشی، “بڕیاری دیاریكردنی كەسێك وەك سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە لایەن مەكتەبی سیاسی پارتییەوە دەدرێت، ئەوان دیاری دەكەن، كە كێ دەبێتە سەرۆكی فڕاكسیۆن لەناو پەڕلەمانی كوردستان”.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەپێی بڕیاری بارزانی، ئەحمەد كانی، لێپرسراوی ئێستای لقی دووی پارتی دەبێتە جێگری سەركردایەتی هەولێری پارتی.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە، “بڕیارەكە دەرچووە لە مەكتەبی سیاسی و لە ئێستادا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕاستەوخۆ ئاڵوگۆڕەكە ئەنجام دەدرێت”.

حاجی هەڵكەوت لالە ئەنوەر، كەسایەتی دیاری دەڤەری شارەزوورە، پارتی وەك كاندید بۆ پەڕلەمانی كوردستان دیاری كردبوو، ئێستاش تاكە كاندیدی یەدەگە، كە دوای وازهێنانی (ئومێد خۆشناو)  ڕاستەوخۆ وەك پەڕلەمانتار دەستبەكار دەبێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.