Home » هەواڵ » جێهان » نەسروڵا: ئەگەر ئیسرائیل تەقینەوەكەی بەیروتى ئەنجامدابێت باجەكەی دەدات
تەقینەوەكەی بەیروت

نەسروڵا: ئەگەر ئیسرائیل تەقینەوەكەی بەیروتى ئەنجامدابێت باجەكەی دەدات

ئەمینداری گشتی حزبوڵا ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانى تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت دەكەن، ئەگەر ئەوە ڕوونبێتەوە كە كارێكی “تێكدەرانە بووە و ئیسرائیل دەستی تێدابووە”، ئەوا بەقەدەر قەبارەی ئەو تاوانە باجەكەی دەدات.

لەوتارێكی تەلەفزیۆنێدا حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند “دوو ئەگەر هەیە لەبارەی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت كە لێكۆڵینەوەكان لەدەوری دەسوڕێنەوە، ئەویش ئەوەیە ڕوداوەكە بەهۆی كەمتەرخەمییەوە بووە یاخود كارێكی تێكدەرانە بووە و بووەتە هۆی تەقینەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەكەی ناو كۆگاكە”.

نەسروڵا باسی لەوەكرد، ئاگركردنەوەی بەئەنقەست و دانانی بۆمبی چێنراو لەو ئەگەرانەن وەكو كاری تێكدەرانە ئەنجامدراون و بووەتە هۆی تەقینەوەی بەندەرەكە و هیچ كەسێكیش ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە ئیسرائیل لەناو ئەو لایەنانەدایە كە دەكرێت دەستی لەو كارەدا هەبوبێت.

وتیشى “گەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی لوبنان گەیشتە ئەوەی كە ئەو كارە تیرۆریستی و تێكدەرانە بووە و ئیسرائیل پەیوەندی پێوە هەبووە، ئەوا نەك تەنها حزبوڵا بەڵكو هەموو دەوڵەتی لوبنان بەسەرجەم دەزگا و گەلەكەی و لایەنە سیاسیەكانیەوە وەڵامی دەدەنەوە و پێویستە هەموو لوبنانیەكیش هەڵوێستی هەبێت و وەڵامبداتەوە”.

ئەمینداری گشتی حزبوڵا جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، گەر ئیسرائیل ئەو تاوانەی دەرهەق بەگەلی لوبنان ئەنجامدابێت ئەوا بەقەدەر قەبارەی ئەو تاوانە باجەكەی دەدات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.