Home » هەواڵ » جێهان » پێشبینی دەکرێت لە داهاتودا بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما ببێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس
پلەکانی گەرما

پێشبینی دەکرێت لە داهاتودا بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما ببێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس

زانایانی کەشناسی ئەمریکا پێشبینی دەکەن لە 80 ساڵی داهاتودا بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماوە لەسەرتاسەری جیهاندا بە ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستبدەن.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن تاقیگەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوای ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە، جیهان روبەڕوی شەپۆلێکی گەرمای بەرز بوەتەوە، کە ئەگەری هەیە لە داهاتودا ببێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە عێراقەوە تا ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای ئەمریکا شەپۆلێکی گەرما دەیانگرێتەوە، کە تیایدا پلەکانی گەرمی زۆر بە خێرای بەرزدەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی رودانی گۆڕانکاری لە کەشوهەوای ئەو ناوچانەدا.

زانایانی کەشناسی ئەمریکا باس لەوەشدەکەن، لەکۆتایی تەواوبونی ئەم سەدەیەدا بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما خەڵکێکی زۆر دەمرن، کە ژمارەیان زۆرترە لەو حاڵەتانەی مردن کە بەهۆی نەخۆشیەکانی ئایدز، ملاریا و زەردوییەوە لەو ماوەیەدا تۆماردەکرێن.

لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان خستەڕو، ئەگەر وڵاتانی جیهان بەردەوامبن لە دروستکردنی ئەو گازانەی کە دەبنەهۆی بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی ئەوا بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە تا ساڵی 2100 لە هەر 100 هەزار کەسێک لە جیهاندا 75 کەسیان دەمرن.

ئەو توێژینەوەیە باس لەوەشدەکات، رێژەی مردن بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە لە وڵاتە هەژارنشینەکانی وەک بەنگلادیش، پاکستان، سودان بەرزتر دەبێت بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە بە جۆرێک لە هەر 100 هەزار هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتانە 100 کەسیان گیانیان لەدەستدەدەن.

بە بڕوای هەندێک لە توێژەرەوانی دیکەی جیهان، ئەوە تەنها سیناریۆیەکی تۆقێنەرە، تیایدا رەشبینانە هەڵسەنگاندن بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو گازانە کراوە، کە پلەی گەرمی لە هەوادا بەرزدەکەنەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.