Home » هەواڵ » عێراق » پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق له‌باره‌ی جموجووڵی داعشه‌وه‌ زانیاری به‌ یه‌كتر ده‌ده‌ن
هێزەکانی پێشمه‌رگه ‌وسوپای عێراق

پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق له‌باره‌ی جموجووڵی داعشه‌وه‌ زانیاری به‌ یه‌كتر ده‌ده‌ن

مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌ خانه‌قین رووی له‌ زیادبوونه‌ و سه‌ربازانی سوپای عێراق ده‌كه‌ن ئامانج، فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ش‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، نزیكبوونه‌وه‌ له ‌نێوان ئه‌وان و سوپادا هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م نۆی ئاب، نیهاد محه‌مه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌‌دا تیرۆریستانی داعش زیاتر له‌ جارێك هێرشیان كردووه‌ته ‌سه‌ر هێزه‌كانی سوپای عێراقی و قوربانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، رۆژی هه‌ینی حه‌وتی ئاب‌ له‌ گوندی شیرك، له‌ ئاكامی هێرشی تیرۆریستانی داعش سه‌ربازێك گیانی له ‌ده‌ست دا و سێ سه‌ربازی تریش بریندار بوون، هاوكات هه‌مان شه‌و چه‌ند گوله‌هاوه‌نێك ئاراسته‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان كرا، به‌ڵام زیانی گیانی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌.

گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ ئاشكرای ده‌كات، داعش ماوه‌یه‌كه‌ له ‌سنووری خانه‌قین زیاتر به‌ ‌شه‌وان كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و هێرش ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ له ‌سنووری گه‌رمه‌سێر كه‌ له‌ گفتوگۆكانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه ‌عێراقییه‌كاندایه‌ له‌و سنووره‌ راگه‌یاند، هاوئاهه‌نگی باش له ‌نێوان پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پێدانی زانیاری به ‌یه‌كتر له‌ڕووی جموجووڵی تیرۆریستانی داعشه‌وه‌.

وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئه‌وه‌ش خاڵێكه‌ كه ‌حكوومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند پێشتر پێداگریی زۆریان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه و‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی پێشتری نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری تاوتوێیان كردووه‌.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری درێژه‌یان هه‌بێ، به‌تایبه‌ت بۆ دیاریكردن و دانانی هێز له ‌نزیكی یه‌كتر، به‌جۆرێك هه‌ردوولا له‌سه‌ر جێیه‌كه‌‌ ره‌زامه‌ند بن.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.