Home » هەواڵ » عێراق » پەڕلەمانتارێکی یەكگرتوو، حكومەتی عێراق بۆ نەناردنی مووچە تۆمەتبار دەکات
موسەننا ئەمین

پەڕلەمانتارێکی یەكگرتوو، حكومەتی عێراق بۆ نەناردنی مووچە تۆمەتبار دەکات

موسەننا ئەمین پەڕلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە پەڕلەمانی عێراق، حكومەتی فیدراڵی تۆمەتبار كردووە بەوەی بابەتی بندیوارەكانی قۆستووەتەوە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەهەمان كاتیشدا داوای كردووە لێكۆڵینەوە لەداهاتە راستەقینەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەمین لەلێدوانێكدا وتی: گەندەڵی لەهەموو بەشەكانی دەوڵەتی عێراق لە باكوورەوە بۆ باشوور بڵاوبووەتەوە، كە ئەمە وایكردووە بەشێكی گەورەی داهاتەكان دیارنەمێنن، كە رەنگە بگاتە ٣٠-٤٠٪ ی هەموو داهاتەكانی عێراق، ئەمەش كاریگەری گەورەی هەبووە لەوەی نەتوانرێت وەك پێویست مووچەی فەرمانبەران دەستەبەر بكرێت.

هەروەها روونیشیكردووەتەوە، كە مەزەندە دەكرێت تەنیا لە دەروازە سنوورییەكاندا ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار بەفیرۆ بدرێت ئەوە جگە پرۆسەكانی تری دزیكردن لەماڵی دەوڵەت وەك ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە بیرە نەوتەكان لەلایەن پارت و گرووپە چەكدارییەكانەوە داگیركراوە و ئەو هەموو بندیوارەی پارەكەیان دەچێتە گیرفانی گەندەڵكرانەوە.

پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو وتیشی: بابەتی بندوارەكان لەهەموو عێراقدا هەیە نەك هەر لە كوردستان، بەڵام  لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت، كە لەئەستۆی حكومەتی ناوەندییە.

هەروەها وتی: ئەركی حكومەتی فیدراڵییە لێكۆڵینەوە لە داهاتە راستەقینەكان لەهەموو پارێزگاكاندا بكات و رێگە بە دزین و گەندەڵیتێداكردنی نەدات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە دەبێت حكومەت وردبینی لەناوی فەرمانبەراندا بكات و مووچەكانیان بۆ خەرج بكات، كە هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێم ستەمیان لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردووە و بەشێوەیەكی داپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا نەكردوون.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.