بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق پێیوایە، گاڵتەكردنى هاووڵاتیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەبێتە مایەی زۆربوونی ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕیاز حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایگەیاند”ئاماری تووشبوان هێشتا مایەی دڵنیایی و جێگیربوون نییە، بۆیە ناتوانیین پێشبینی ئایندە بكەین و زۆرێكیش لە وڵاتان دەستیانكردۆتەوە بە قەدەغەكردنی هاتووچۆ و كەرەنتینە بەهۆی سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عیراق”پابەندبوونی هاووڵاتیان باشترین ڕێگەچارەیە لەئێستادا، چونكە تائێستاش پابەندبوونیان لە ئاستی خوازراودا نییە، بۆیە داوایان لێدەكەین پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بن و گاڵەتە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكەن”.
حەلەفی دەڵێت”چەند هاووڵاتیان پابەندبن، هێندە ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان كەمدەبێتەوەە، بەڵام گاڵتەكردن و پابەندنەبوون دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان و گیانلەدەستدان”.
دوێنێ چوار شەممە، وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە تۆماركردنی زیاتر لە 2800 حاڵەتی تووشبوون و 77 حاڵەتی گیانلەدەستدان كرد بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا.