Home » هەواڵ » عێراق » کازمی: لەپێناو پاراستنى سەروەرى وڵات هەموو رێگایەک دەگرینەبەر
مستەفا کازمی

کازمی: لەپێناو پاراستنى سەروەرى وڵات هەموو رێگایەک دەگرینەبەر

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبووەوە و سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی تورکیاى بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و سەلامەتی ھاوڵاتیاندا ھەموو رێگایەک دەگرنەبەر.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، “بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەتەوە و لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆمانکردووە.”

ئەوەش هاتووە، “شەهیدکردنی فەرماندە سەربازییەکان و دەستدرێژی کردنە سەر خاکی عێراق بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێشێلکارییەکی حاشاهەڵنەگرە و هەڕەشەیەکی گەورەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە.”

ئاماژە بەوەشکراوە، “بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیان هەموو ڕێگایەک دەگرینەبەر و فشاری دیبلۆماسیش یەکێکە لە بژاردەکان.”

ئەوەش خراوەتەڕوو، “حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک پابەندی پێوەرەکانی دراوسێ دۆستیە و دژ بە دەستوەردانە لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادات خاکەکەی ببێت بە رێڕەوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا.”

رۆژی سێشەممە، لە کاتی کۆبوونەوەی پاسەوانی سەر سنور و پەکەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عێراقی بۆردومان کرد، بەوھۆیەوە سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنور شەھید بوون، کە دووانیان ئەفسەر بوون.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.