وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیرانی نەوتی سعودیە، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین و عومان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی گفتوگۆیان کردوە و سەرجەمیان رێککەوتون لەسەر پابەندبون بە رێککەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک +” بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان، بە ئامانجی گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت.
وەزیرانی نەوتی سعودیە، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین، عومان و عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکردوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا باسی دۆخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، دۆخی دارایی جیهانی و داخوازی لەسەر نەوت و دواین هەوڵ و ئاماژەکان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت لە جیهان کراوە.
ئەوەش هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک ئاماژەی باشتربونی دۆخی دارایی جیهان خراوەتەبەر باس و بە پێویستیش زانراوە هەمو وڵاتان دەست بکەن بە کرانەوە و بوژانەوەی کەرتی ئابوری بە رێگایەکی پارێزارو، عێراق و وڵاتانی کەنداویش جەخت لەپابەندبون بە رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس دەکەنەوە و رۆڵی بەغداش لە هەماهەنگی فراوانی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی نرخی نەوت بەرزدەنرخێنن.
بەپێی رێککەوتننامەی رێکخراوی “ئۆپێک+”، عێراق پابەندکراوە بە کەمکردنەوەی 1.06 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕەکانی نەوت.
پەیوەست بەم بابەتەش پێشوتر هەردو وەزارەتی نەوت و کلتوری عێراق بڵاویکردەوە، بە بۆنەی 60مین ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا عێراق میوانداری کۆبونەوەیەکی فراوانی رێکخراوەکە لە بەغدا دەکات.