Home » هەواڵ » جێهان » بەرپرسانی ئەمریکا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەکەیان بە کازمی، راگەیاندووە
باڵیۆزخانە ئەمریکا لە عێراق

بەرپرسانی ئەمریکا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەکەیان بە کازمی، راگەیاندووە

رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرایکردووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئەمریکا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەکەیان بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە.

لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی کە لە چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە زانیارییەکانی دەستکەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، شەوی شەممە ٢٦ی ئەم مانگە، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پلانی وڵاتەکەی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە.

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کۆشکی سپی بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ئەوا داخستنی باڵیۆزخانەکە لەماوەی ٩٠ رۆژدا ئەنجامدەدرێت بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە ئیدارەی ترەمپ واژۆی لەسەر بڕیاری کشاندنەوەی باڵیۆزخانەکە کردووە یان نا.

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هۆشداری بە مستەفا کازمی داوە، ئەگەر هێرشە موشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بەردەوام بن ئەوا باڵیۆزخانەکەیان دادەخەن.

ئەمریکا لە بەردەوامی هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا نیگەرانە و هۆشدارییان بە کازمی داوە ئەگەر رێکارەکان توندتر نەکات و ئەو هێرشانە بەردەوامبن ئەوا واشنتن بیر لە داخستنی باڵیۆزخانەکەی دەکاتەوە.

هاوکات، دەیڤید ئیگناتیۆس نوسەری ئەمریكی و شارەزا لە پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، “داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لەوانەیە ببێتە مایەی بانگەشەی سەرکەوتنی ئێران و لە ھەمان کاتدا لەوانەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر ئەو گروپە چەکدارانەی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.”

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەشکردووە، “عێراق ئەو گۆڕەپانەیە كە لەوانەیە لەماوەی هەفتەكانی داهاتوودا، روبەڕوبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێرانی تیایدا بتەقێتەوە كە لەوانەیە ئەوەیش ببێتە رووداوێكی لەناكاوی ئۆكتۆبەری بەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدواوە بێت”.

ئەو شارەزا ئەمریکییە ئاماژەی بەوەکردووە، “كوژرانی هەر ئەمریكییەك لە عێراق، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناچار دەكات هێرشی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات و هەروەها روبەڕبوونەوەی گروپە چەكدارەكان لە لایەن مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە ئێران ناچار دەكات وەڵامی توندو بەهێز لەوبارەوە هەبێت”.

بەرەبەیانی رۆژی سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە بۆردومانێكی ئەمریكادا لە نزیک فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كوژران.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.