Home » هەواڵ » کوردستانی » بەمزوانە هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە رێگەی مەرزی پەروێزخانەوە دەستپێدەكاتەوە ‌
مەرزی پەروێزخان

بەمزوانە هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە رێگەی مەرزی پەروێزخانەوە دەستپێدەكاتەوە ‌

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هاتوچۆی هاوڵاتیان لە رێگەی مەرزی پەروێزخان و ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنا لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەی هاتوچۆ دەكەن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایدەگەیەنێت پاش تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بڕیارە بەمزوانە هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە رێگەی مەرزی پەروێزخانەوە دەستپێبكاتەوە.

بەپێی رێكارەكانی حكومەتی هەرێم پێویستە ئەو هاوڵاتی و گەشتیارانەی سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن لە رێگەی مەرزی پەروێزخانەوە، پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیای جێبەجێكار كاری پشكنین ئەنجام دەدات. وەك چۆن لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ جێبەجێكراوە بڕیارە لە مەرزی پەروێزخانیش ئەو رێكارانە بگیرێتەبەر.

جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ هەریەكەلە بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان و بەڕێوەبەری بنكەی نشینگەی پەروێزخان و كۆمپانیای جێبەجێكاری پشكنینی كۆرۆنا كۆبووە و ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، مەرزی پەروێزخان بە رووی هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران راگیراوە ئێستاش حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە پێی رێكارەكان هاتوچۆ دەستپێبكاتەوە، پێویستە لایەنە پەیوەندارەكان كارئاسانی تەواو بۆ ئەو هاوڵاتی و گەشتیارانە بكەن كە لەرێگەی مەرزی پەروێزخانەوە هاتوچۆ دەكەن.

پاش تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بڕیارە بەمزوانە هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە رێگەی مەرزی پەروێزخانەوە دەستپێبكاتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.