Home » هەواڵ » کوردستانی » خەسرەو گۆران :هه‌فته‌ی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
خەسرەو گۆران

خەسرەو گۆران :هه‌فته‌ی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی رایگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌عێراق كۆده‌بنه‌وه‌و ده‌شڵێت، “بڕیاری هه‌ڵبژاردن له‌ده‌ست عێراقه‌ نه‌ك ئێمه‌.”

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند “یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له‌سەر‌ ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن، ئێمه‌ و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووینه‌وه‌ و پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و یاسا و ئاماده‌كارییه‌كانمان تاوتوێ كرد”.

 پێشتر پارتی له‌سه‌ر زاری خه‌سره‌و گۆران چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبوو كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نین‌ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می زۆرن، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتیش له‌وباره‌وه‌ خه‌سره‌و گۆران وتی “له‌كۆبوونه‌كه‌دا باسی هه‌ڵوێست نه‌كراوه‌، به‌ڵكو تاوتوێی یاساكه‌مان كردووه‌، چونكه‌ ئێمه‌ بڕیار ناده‌ین به‌ڵكو عێراق بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌دات”.

 بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشكراشی كرد، كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتووییان له‌به‌غدا هه‌بێت و وتی “له‌هه‌فته‌ی داهاتووش جارێكی تر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر هه‌مان پرس كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی عێراق یه‌كهه‌ڵوێست بین، به‌‌ڵام هێشتا رۆژو كاته‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، 6ی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتووی بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق دیاریكرد و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی بۆ ئاماده‌كارییه‌كان راسپارد.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.